مەسرور بارزانی دەڵێت: سبەینێ بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵک دەدەین

26-03-2024 06:26

پەرەگراف

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەدەن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتیی و کەسایەتییەکانی شاری هەولێر و نوێنەری وڵاتان بەشداریی لە ئێوارەخوانێکی بەربانگ کردو لە وتارێکدا وتی "هەمیشە لە وەختی خۆشیدا هاوڕێمان زۆرە، لە وەختی تەنگانەو ناخۆشیدا خۆمان زۆر بە تەنیا دەبینین تەنیا خەڵکمان لەگەڵە ئەمەش بۆ ئێمە لە هەموو هێزێک بەهێزترەو خوداو ئێوەمان لەگەڵ بێت منەتی کەس هەڵناگرین، تائێستا هەرچی بڕیارمانداوە کە سەخت بووە پیاوی تەنگانە کەم لەگەڵ ئێمە وەستاوە، سبەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە ئێمە بڕیارێک دەدەین من دڵنیام هەموولایەک دەبێ بە شەریکی ئەو بڕیارە چونکە لە بەرژەوەندیی خەڵک دەبێت".

"ماوەیەکی زۆرە پیلان هەیە بۆئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵرێت یاخود لاواز بکرێت، بە شێوازی جۆراوجۆر پلانەکە جێبەجێ کراوەو جێگەی داخە هەندێک بیروبۆچوونی ناحەز ویستویانە بەم جۆرە رەفتار لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەن، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە لەناوخۆشدا یارمەتی ئەم بۆچوونە شۆڤێنییە دراوە" مەسرور بارزانی وای وت.

سەرۆکی حکومەت جارێکی دیکە، سوپاسی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ خۆڕاگریی و پشوودرێژییان بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی بەهۆی نەناردنی مووچە دروست بووە، داواشی لە لایەنەکان کرد واز لە بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی بهێنن، وتی "ئەوەی لە توانامان بێت دەیکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان و بەرگریکردن لە مافی دەستووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان".

ئەو وتانەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سبەینێ کۆدەبێتەوەو دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات تاوتوێ دەکات، بەپێی سەرچاوەیەک، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لە دابەشکردنی مووچە دەدرێت.

بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەتە بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکان سەبارەت بە مووچەی مانگی شوبات لەلایەن وەزیری داراییەوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بە پەرەگرافی وت "لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و گەیشتن بە چارەسەری مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لە دابەشکردنی مووچە دەدات".

بەو وتەی سەرچاوەکە، بە کۆد لیستی مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان کە زیاتر لە ٢٦٠ هەزار کەسن بۆ بەغداد نێردراوەو بڕیارە لەم یەک دوو ڕۆژەدا پارەی مووچەی ئەوانیش بگاتە هەرێم.

هەرچەندە دوو هەفتەیە ٦٠٨ ملیار دینار پارەی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ڕەوانە کراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم ئامادەنییە مووچە دابەش بکات تا گەیشتنی پارەی سەرجەم مووچەخۆران لە بەغداوە.

زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە مووچە دابەش نەکراوەو لە مانگی چوار نزیک دەبینەوەو هێشتا مووچەی مانگی دوو نەدراوە، ئەوەش ناڕەزایی فراوانی لێکەوتووەتەوەو لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بەشێکی زۆر لە فەرمەنگەکان بایکۆتی دەوامیان کردوە.

سەرباری مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان کە هەرێم ئامادە نییە لیستەکانیان بە ناو و زانیاریی تەواوە بۆ بەغدا بنێرێت و ڕێککەوتون بە کۆد لیستەکەیان ڕەوانە بکرێت، هاوکات دابەشکردنی مووچە لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من یاخود بانکە حکومییە عێراقییەکان کێشەیەکی دیکەی نێوان هەردوولایە.

لە ئێستادا شاندێکی پڕۆژەی (هەژماری من) لە بەغدان بۆ ڕازیکردنی حکومەتی عێراق بە دابەشکردنی مووچە لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من کە پڕۆژەیەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێکردندایەو دەوروبەری 250 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوەو بەشێک لەو فەرمانبەرانە ئێستا مانگانە لەڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن.

پێشتر وەزیری دارایی عێراق ڕەتی کردەوە پشت بە پڕۆژەی هەژماری من ببەستن بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەوپێیەی دادگای فیدراڵی عێراق لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت لە بانکە حکومییە عێراقییەکان بێت.

حکومەتی هەرێمیش ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری پڕۆژەی هەژماری من ببێت، وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت، هەژماری من پڕۆژەیەکی پێشکەوتووە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستمە لەگەڵ هی عێراق جیاوازەیەکەی ئەوەیە هی هەرێم تەوتینە لەگەڵ 19 خزمەتگوزاریی، بەڵام هی عێراق ئەو 19 خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆران تێدا نییە.