پەرەگراف
وەفدی پرۆژەی (هەژماری من) لە بەغدادە و هەوڵی كۆكردنەوەی پشتگیری بۆ پرۆژەكە دەدات، ئەمڕۆ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی كۆبووەتەوە. پەرلەمانتارێكی یەكێتی دەڵێت "پرۆژەكە دوو كێشەی گەورەی هەیە و ئێمە لەگەڵ تەوتینین".
كاروان یاروەیس، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "ئەمڕۆ وەفدێكی (هەژماری من) بەمەبەستی خستنەڕووی وردەكاریی پرۆژەكەیان هاتنە ئەنجوومەنی نوێنەران، پێیمان ڕاگەیاندن؛ پرۆژەی (هەژماری من) دوو كێشەی گەورەی هەیە، كە چارەسەركردنیان ئەستەمە".
كاروان یاروەیس دەڵێت "كێشەی یەكەمی پرۆژەی هەژماری من یاساییە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، (تەوتین) لە ڕێگای بانكە فیدراڵییەكانەوە دەكرێ، واتا (TBI، ڕەشید، ڕافیدەین)، نەك بانكی تر".
هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژەی بەوە كردووە كە "متمانەی خەڵك" كێشەی دووەمی هەژماری منە و دەڵێت "مووچەخۆرانی هەرێم ئەم پرۆژەیە ڕەت دەكەنەوە، لە پرۆسەی بانكیشدا متمانە لەنێوان بەشداربوو و بانك، زۆر گرنگە، مووچەخۆر هەقی خۆیەتی بتوانێ چ بانكێك هەڵدەبژێردێت".
لە وەڵامی كۆمێنتی كەسێكدا كە دەپرسێت: ئایا ئێوە وەكو فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ تەوتین بوون یان هەژماری من؟ كاروان یاروەیس دەڵێت "ئێمە لەگەڵ تەوتینی مووچەین".
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە پرۆسەی "تەوتین"دا تێپەڕێت و لەو ڕێگەیەوە بدرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆژەی (هەژماری من)ـەوە مووچەی فەرمانبەران بدرێت
تەوتین، دەستەواژەیەكی داراییە، بە مانای (جێگیركردنی مووچەی فەرمانبەر بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە بانكە فیدراڵییەكان) دێت. وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی دەكاتەوە پرۆژەی هەژماری من قبووڵ بكات و جەخت دەكاتەوە كە دەبێت لە بانكە فیدراڵییەكان هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بكرێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم جەخت لە پرۆژەی هەژماری من دەكاتەوە و هەموو هەوڵەكانی بۆ ڕازیكردنی بەغداد خستووەت گەڕ.
وەفدێكی پرۆژەی هەژماری من چووەتە بەغداد و لەگەڵ لایەنە جیاوازەكان بە بانكی ناوەندیشەوە كۆدەبێتەوە، بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و قبووڵكردنی ئەوەی كە هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكەكانی ناو ئەو پرۆژەیە بكرێتەوە.