پەرەگراف
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی کوردستان دەکرێت، جا نازانم لەکاتی خۆی دەکرێت یاخود چەند مانگێک دوادەکەوێت.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئاماژەی بە بەیاننامەو داواکارییەکانی پارتی کرد بەدووری نەزانی داواکانی جێبەجێ بکرێن، وتی "چونکە کەموکورتی هەیە لە هەڵبژاردنەکە بابەتی چاودێری و هەژماری دەنگەکان بەدەستی یاخود بە ئامێر و چۆن دەبێت، ئەو شتانە ئەگەر چارەسەر ببێت کە پێموایە چارەسەر دەبێت، هەڵبژاردنەکە دەکرێت".
ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی عێراق بۆ پڕۆسەکە بەردەوامە، سبەینێ دوا وادەیەی بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدانی هاوپەیمانی و لیست و کاندیدە سەربەخۆکان کە دەیانەوێت بەشداربن لە هەڵبژاردنەکە.
ئەوە لەکاتێکدایە وەک هەڵوێستێک دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت"، پارتی تا ئێستا سوورە لەسەر ئەو هەڵوێستەی.
هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەشی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق کرد و وتی "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".