كۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق وەڵامی نامەكەی سەرۆكی هەرێمی دایەوە

27-03-2024 05:35

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەڵامی نامەكەی سەرۆكی هەرێم و تێبینییەكانی لەسەر هەڵبژاردن دەداتەوە. كۆمیسیۆن ڕایدەگەیەنێت "كێشەی پەنجەمۆری دەنگدەران پەیوەندیی بە ئامێرەكانی دەنگدانەوە نییە و ژمارەی كورسییەكانی پارێزگای هەڵەبجەیش بە سێ‌ كورسی دەمێنێتەوە".

ڕۆژی 11-3-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نامەیەكی ئاراستەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد و تێیدا چوار سەرنج و تێبینیی ئاراستەی كۆمیسیۆنەكە كردبوو، كە پەیوەست بوون بە "نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران، ژمارەی كورسییەكانی بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجە، بەڕێوەبردنی تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دەستەی كۆمیسیۆن لە هەرێمی كوردستان بێت، ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن".

ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لەبارەی نامەكەی سەرۆكی هەرێمەوە كۆبووەتەوە و بە نووسراوی فەرمی وەڵامی داوەتەوە. جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەبارەی وەڵامەكەیان دەربارەی كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران، ڕایگەیاند "ئەو پرسە پەیوەندیی بە ئامێری خوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە نییە و زیاتر پەیوەستە بە دۆخ و پەنجەی دەنگدەرەوە".

وتەبێژی كۆمیسیۆن ڕوونكردنەوەی زیاتری داوە و دەڵێت "پەنجەمۆر دەكەوێتە سەر شێوازی وەرگرتنەكەی لە كاتی پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتریدا". هەروەها دەشڵێت "دەكرێت ئامێرەكان پەنجەمۆری هەندێك كەس نەخوێننەوە كە نەخۆشیی شەكرە و پێستیان هەیە، یان بەتەمەنن، یان كەسێك كە ئەو كارانە بكات كە مادەی كیمیایی و پاككەرەوەیان تێدا بەكار دەهێندرێت".

جومانە غەلای ڕایگەیاندووە "لەو كەسانەی كە تۆماری بایۆمەترییان ئەنجام داوە، لە هەولێر 14% و سلێمانی 13% و دهۆك 11%یان ئامێرەكە پەنجەمۆریانی نەخوێندووەتەوە". بە قسەی وتەبێژی كۆمیسیۆن، ڕێژەكە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراق كەمی كردووە، بە جۆرێك ئەو كاتە "ڕێژەكە لە هەولێر و سلێمانی 20% و دهۆك 15% بووە".

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە وەڵامەكەیدا بۆ سەرۆكی هەرێم، ئەو ڕێژەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەی بە "سروشتی" ناو بردوو، ئەوەش "بەپێی پێوەری جیهانی". هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە لە پارێزگاكانی عێراقیش ڕێژەكە لەنێوان 9% بۆ 15%ـدایە. كۆمیسیۆن دەشڵێت "یاسای هەڵبژاردن ڕێگە دەدات 5%ـی ئەوانەی پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە، دەنگ بدەن و كۆمسیۆن پابەند دەبێت بەوەوە".

كۆمیسیۆن لەبارەی داواكاریی سەرۆكی هەرێم بۆ زیادكردنی كورسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە، وەڵامی داوەتەوە بەوەی كە "پارێزگای هەڵەبجە 79 هەزار و 920 دەنگدەری هەیە، كە پێنج ناوەندی تۆماركردن لەخۆ دەگرێت. پاڵپشت بە یاسای هەڵبژادن و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، پێویستە سێ‌ كورسی بۆ ئەو بازنەیە دابنرێت، مەرجیشە یەكێك لە كورسییەكان بۆ ژنان بێت".