سەندیكاو ڕێكخراوە تەندروستییەكان لە سلێمانی بایكۆتی گشتییان ڕاگەیاند

15-06-2020 02:21
وێنەی ئەمڕۆی ناو سەنتەری فریاگوزاری خێرا 122 لە سلێمانی. وێنە؛ بڕیار نامیق.

پەرەگراف

سەندیكاو ڕێكخراوە تەندروستییەكانی سلێمانی بایكۆتیان لە سەرجەم ناوەندەكانی تەندروستی ڕاگەیاند، بایكۆتەكە تەنها سەنتەرەكانی چارەسەری كۆرۆناو فریاكەوتنەكان ناگرێتەوە.

ئەو هەڵوێستە دوای تەواوبوونی ئەو ماوە 48 كاتژمێرییە بوو كە دابوویان بە حكومەت بۆ دابەشكردنی مووچەكانیان، بەڵام حكومەت وەڵامی نەدانەوە.

سەندیكاو ڕێكخراوە تەندروستییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بایكۆتیان ڕاگەیاندو حكومەتیان بە "خەمسارد" ناوبرد كە خواستەكانی ئەوانی بەهەند وەرنەگرتووەو ڕایانگەیاند "ئۆباڵی مەترسی تەندروستیی هاوڵاتیان دەخەینە ئەستۆی خەمساردییان".

بایكۆتەكە تا دابەشكردنی مووچەكانیان بەردەوام دەبێت.

ئەو هەڵوێستە لە كاتێكدایە پارێزگای سلێمانی لەسەرئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زیاتر لە نیوەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم لەو پارێزگایەن، ھاوكات لەكۆی ٤٤ حاڵەتی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە ٣٨یان لە سلێمانی و ٦یان لە ھەولێر بووە.