پەرەگراف
نوێکرایەوە؛ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند: وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا 31ی ئازار درێژکرایەوە.
هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: پارتی لیستی کاندید پێشکەش ناکات بەو جۆرە ھەڵبژاردنە کە بە بڕیاری سیاسی و نادەستوریی دادگای فیدراڵی بێت.
هەورامی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مانۆج ماثیو بەرێوەبەری کاروباری سیاسی یۆنامی لە عێراق، هەڵوێستی حیزبەکەی دووپات کردەوە بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن.
"جەختمان لەوە کردەوە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا وەک پارتی ھەموو ھەوڵێکماندا ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا بکرێت و لایەنی دیکە رێگرییان دەکرد و پەنایان بۆ دادگای نادەستوری برد و لەوێشەوە بریاری سیاسی نەک یاسایی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەردەکرا و گوشاری ئابوری و برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پەلاماری درۆن و موشەکییان بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ھەولێر بە تایبەتی بەکار دەھێنا" ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی وادەڵێت.
"بەشداری ھەڵبژاردنێک نابین پێش وەختە وەھا دیزاین کرابێت بۆ تێکدانی ھەرێمی کوردستان و شکاندنی پارتی بێت و لە رێگای دادگایەکی نادەستورییەوە یاساکانی ھەرێم ھەموار بکەنەوە".
ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی عێراق بۆ پڕۆسەکە بەردەوامە.
ئەوە لەکاتێکدایە وەک هەڵوێستێک دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت"، پارتی تا ئێستا سوورە لەسەر ئەو هەڵوێستەی.
هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەشی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق کرد و وتی "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".