لە سلێمانی هەڵمەتی واژووكۆكردنەوە دژی پرۆژەی (هەژماری من) دەستی پێ‌ كرد

28-03-2024 05:29

پەرەگراف

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی هەڵمەتێكیان دژی پرۆژەكەی مەسروور بارزانی لەژێر ناوی "هەڵمەتی كۆكردنەوەی واژوو بۆ ڕەتكردنەوەی هەژماری من" ڕاگەیاند.

هەڵمەتەكە لەلایەن دەستەی داكۆكی لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە ڕاگەیەندراوە و ئەمڕۆ لە دەستپێكدا سەدان مامۆستا و فەرمانبەر واژوویان بۆ هەڵمەتەكە كرد.

ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ڕازیكردنی بەغداد بەوەی كە هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەو بانكانە بكرێتەوە كە لەناو پرۆژەی هەژماری مندان، لەسەر ئاستی ناوخۆیش هەڵمەتێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ناساندنی پرۆژەی هەژماری من و تایبەتمەندییەكانی دەست پێ‌ كردووە، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بە پرۆژەكە ڕازی بكات.

دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی داكۆكی لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، دەڵێت "لە كاتژمێری یەكەمی هەڵمەتەكەدا زیاتر لە هەزار و 500 واژوو كۆ كراوەتەوە".

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوا دەكەن بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت و هەژماری بانكی بۆ مووچەكانیان لە بانكە فیدراڵییەكان بكرێتەوە و دەڵێن "متمانەمان بە پرۆژەی هەژماری من نییە".

بڕیارە واژووی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئاراستەی حكومەتی عێراق و بە تایبەت وەزارەتی دارایی عێراق و دادگای فیدراڵی بكرێت.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە پرۆسەی "تەوتین"دا تێپەڕێت و لەو ‏ڕێگەیەوە بدرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆژەی (هەژماری من)ـەوە مووچەی ‏فەرمانبەران بدرێت

تەوتین، دەستەواژەیەكی داراییە، بە مانای (جێگیركردنی مووچەی فەرمانبەر بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە بانكە ‏فیدراڵییەكان) دێت. وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی کردووەتەوە پرۆژەی هەژماری من قبووڵ بكات و جەخت ‏دەكاتەوە كە دەبێت لە بانكە فیدراڵییەكان هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بكرێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم ‏جەخت لە پرۆژەی هەژماری من دەكاتەوە و وەفدێکى پرۆژەکەى بۆ ڕازیکردنى حکومەت و بانکى ناوەندیى عێراق ناردووەتە بەغداد.

وەفدەکەی پرۆژەی (هەژماری من) دوێنێ لەگەڵ ‏فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی كۆبووەتەوە. كاروان یاروەیس، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت ‏‏"وەفدێكی (هەژماری من) بەمەبەستی خستنەڕووی وردەكاریی پرۆژەكەیان هاتنە ئەنجوومەنی ‏نوێنەران، پێیمان ڕاگەیاندن؛ پرۆژەی (هەژماری من) دوو كێشەی گەورەی هەیە، كە چارەسەركردنیان ‏ئەستەمە".‏

كاروان یاروەیس دەڵێت "كێشەی یەكەمی پرۆژەی هەژماری من یاساییە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، ‏‏(تەوتین) لە ڕێگای بانكە فیدراڵییەكانەوە دەكرێ، واتا (‏TBI، ڕەشید، ڕافیدەین)، نەك بانكی تر".‏

هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژەی بەوە كردووە كە "متمانەی خەڵك" كێشەی دووەمی هەژماری منە ‏و دەڵێت "مووچەخۆرانی هەرێم ئەم پرۆژەیە ڕەت دەكەنەوە، لە پرۆسەی بانكیشدا متمانە لەنێوان بەشداربوو ‏و بانك، زۆر گرنگە، مووچەخۆر هەقی خۆیەتی بتوانێ چ بانكێك هەڵدەبژێردێت".‏

لە وەڵامی كۆمێنتی كەسێكدا كە دەپرسێت: ئایا ئێوە وەكو فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ تەوتین بوون یان ‏هەژماری من؟ كاروان یاروەیس دەڵێت "ئێمە لەگەڵ تەوتینی مووچەین".‏