بافڵ تاڵەبانی و سێرگی لاڤرۆڤ لە مۆسکۆ کۆبوونەوە

28-03-2024 08:44

 

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی سەردانی مۆسکۆی کردو لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە، تاڵەبانی جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردووەتەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دەڵێت "پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان".

ڕاگەیەندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکە  

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و رووسیا کرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا.

سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی هەفتەی رابردووی مۆسکۆ کە خەڵکی مەدەنیی کردە قوربانی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پرسە و هاوخەمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە گەل و وڵاتی رووسیا و جەختی لە پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی، هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ هەڵوەستەی لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرد و ستراتیژیی یەکێتی خستەڕوو، هەروەها جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و وتی، پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.

لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پابەندبوونی رووسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە دووپاتکردەوە لە رێگەی سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروبار و سەروەرییەکانی عیراق، هاوکات هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتییان لە عیراق و ناوچەکە دووپاتکردەوە.

پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و رووسیا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا بەپەرۆشییەوە جەختییان لە پەرەپێدان و فراوانترکردنی کردەوە، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە دانانی نەخشەڕێگای پەیوەندییەکە، بەرزنرخێنرا و هەردوولا هاوڕابوون، پابەندبوون بەو نەخشەڕێیەوە دەبێتە مایەی فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگییەکان و لەبەرژەوەندیی هەردوولا دەبێت.