ڕووداوێکی هاتووچۆ مەترسیى ژینگەیى و تەندروستى دروست دەکات؛ دابەشکردنى ئاوى لە سلێمانى و دەوروبەرى ڕاگرتووە

29-03-2024 10:28

پەرەگراف

پاش ڕاگرتنی دابەشكردنی ئاو لە هەردوو پرۆژەی ئاوی دوكان - سلێمانی بەهۆی تێكەڵبوونی سووتەمەنی بە ئاوەكە لە ڕووداوێكی هاتوچۆی نێوان دوو تانكەردا، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كۆیەش ڕاگرتنی دابەشكردنی ئاوی لە ڕێگەی هەردوو پڕۆژەی ئاوی قەزاكەوە ڕاگەیاند.

ڕووداوەكە مەترسیی ژینگەییی هەیە و بەهۆیەوە سەرچاوەی ئاوی سەدان هەزار كەس لە سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری پیس بووە و دابەشكردنی ئاو ڕاگیراوە.

سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی قەزای دوكان، ڕایگەیاند "بڕی ئاوی بەنداوی دوكان دوو هێندە كراوە، بۆ پاككردنەوەی ئەو نەوتە خاوەی دوێنێ بەهۆی پێكدادانی دوو تەنكەرەوە ڕژایە ناو زێی دوكان". دەشڵێت "تیمەكان سەرقاڵی پاككردنەوەی ئاوەكەن و ماوەی چەند ڕۆژێك دابەشكردنی ئاوی ماڵان دەوەستێت".

هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێت "تیمەكانی سەرۆكایەیی شارەوانیی دوكان و لایەنە پەیوەندارەكانی تری ناوچەكە، هەڵمەتێكیان ئەنجام داوە بۆ زوو پاككردنەوەی تەواوی پاشماوەكانی ڕووداوەكە و بەهیواین لە زووترین كاتدا دابەشكردنی ئاو ئاسایی ببێتەوە".

شەوی ڕابردوو لە قەزای دووكان ڕووداوێكی هاتووچۆ لە نێوان دوو تانكەردا ڕووی دا و جگە لە سووتانی تانكەرەكان، بەشێكی زۆر لە سووتەمەنییەكانی ناویان ڕژایە ناو ئاوی دووكانەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كۆیە ئەمڕۆ ڕایگەیاند "بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەهۆی تێكەڵبوونی نەوتی ڕەش لەگەڵ ئاوی زێی بچووك (دووكان)، لە كاتژمێر 5:30 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، هەردوو پڕۆژەی ئاوی (بۆگد - كۆیە) و (تەقتەق - كۆیە) وەستێنرا و لە ئێستادا دابەشكردنی ئاو لە سەنتەری شارۆچكەی كۆیە و بەشێك لە گوندەكانی وەستێنراوە".

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كۆیە دەشڵێت “هەر كاتێك ئاوی زێی بچووك پاك بوووەوە، دەست دەكرێتەوە بە دابەشكردنی ئاو، بۆیە داواكارین لە هاوڵاتییانی شارەكەمان ئەو ماوەیە بە هۆشیارییەوە ئاو بەكاربهێنن هاوكارمان بن.”

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند "دووبارە بەهۆی ڕووداوێكی هاتووچۆی دوو بارهەڵگری سوتەمەنی لە قەزای دوكان، هەندێك سوتەمەنی كەوتۆتە زێی دوكانەوە. هاووڵاتیان ئاگادار دەكەین لەبەر سەلامەتیی تەندروستیان و سەلامەتیی پڕۆژەكانمان، هەردوو پڕۆژەی ئاوی دوكان - سلێمانی دابەشكردنی ئاو تێیدا وەستاوە تاكوو دڵنیا دەبینەوە لە پاك بوونەوەی ئاوی زێیەكە".