دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەك دژی سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی هەرێم كۆدەبێتەوە

30-03-2024 04:51

پەرەگراف

سبەینێ‌ دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دژی هەریەکە لەنێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەت و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كۆدەبێتەوە. ئەو وەزیرە بەرپرسانی هەرێمی تۆمەتبار كردووە بەوەی كە ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ داخستنی كەمپەكان جێبەجێ‌ ناكەن.

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە سكاڵاكەیدا داوای كردووە بەرپرسانی هەرێم پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 24007ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ناوەرۆكەكەی لە چەند خاڵێك پێك هاتووە و خاڵی یەكەمی بریتییە لە بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 23466ـی ساڵی 2023ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كە بریتییە لە جێبەجێكردنی پێویستی و داواكاریی ئەو خێزانانەی كۆچیان كردووە و ئەوانەیشی كە گەڕاونەتەوە.

خاڵی دووەمی بڕیارەكە دەڵێت "دیاریكردنی 30-6-2024 وەكوو كۆتا وادە بۆ داخستنی كەمپەكان و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان". خاڵی سێیەمیش بریتییە لە پێكهێنانی لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی نوێنەرێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و ئەندامێتیی نوێنەرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و نوێنەرێكی هەرێمی كوردستان، بۆ جێبەجێكردنی خاڵی دووەم كە گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكانە.

هەرچەندە هێشتا سێ‌ مانگ ماوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكە و داخستنی كەمپەكان، بەڵام وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، بەرپرسانی هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی كە پابەند نین بە جێبەجێكردنی كۆی بڕیارەكان و كاركردن بۆ داخستنی كەمپەكان لە وادەی دیاریكراودا.