مەسرور بارزانی: لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا هاوڕاین لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن

30-03-2024 06:37

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا کۆبوونەوەو هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتانەی لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن.

"جەختمان کردەوە کە ئێمە دوو ساڵە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی و شەرعی و دەستوورین کە لە هەلومەرجێکی ڕەوا و پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت" سەرۆکوەزیرانی هەرێم وادەڵێت.

مەسرور بارزانی دەشڵێت "گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانی پرۆژەی (هەژماری من) کرد.

دووپاتمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە ناکرێت چیتر مافەکانی پێشێل بکرێت کە لە دەستووردا زۆر بە ڕوونی دانیان پێدا نراوە".

"باڵیۆزی ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور دەربڕی" سەرۆکی حکومەت وادەڵێت.

سبەینێ دواین وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردن، پارتی تائێستا سوورە لەسەر بەشدارینەکردن لە پڕۆسەکە.

ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی عێراق بەردەوامە.

وەک هەڵوێستێک دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەشی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق کرد و وتی "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".