وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان: دەمانەوێت مووچەكانمان لە بانكە حكومییەكانەوە بدرێت

30-03-2024 06:53

پەرەگراف

وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان دەڵێت "سبەینێ‌ لە عێراق مووچەی مانگی چواری خانەنشیان دەخرێتە سەر هەژمارە بانكییەكانیان، بەڵام ئێمە دووەم مووچە لە شەش مانگدا وەردەگرین". سەبارەت بە دروستكردنی هەژماری بانكیش بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، دەڵێت "لەسەر ئەو مەوزوعە ئەوەندە عەزیێتی میللەت مەدەن، ئێمە دەمانەوێت مووچەكانمان لە بانكە حكومییەكانەوە بدرێت".

سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی وەڵامی وەزیری داراییی هەرێمیشی دایەوە كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەری ڕایگەیاندبوو "لیستی مووچەی خانەنیشنمانان وەكوو ئەوەی كە عێراق داوای دەكات، ئامادەیە، ئەگەر لە عێراقەوە بە بڕیاری سیاسی كێشەی بۆ دروست نەكەن"، وتی "بە وەزیری دارایی هەرێم دەڵێم: دەمێك ساڵە خۆڵ دەكرێتە چاوی ئەم میللەتە، قەت باوەڕمان بەوە نییە كە لە عێراقەوە بە بڕیاری سیاسی مووچەكانی ئێمە هاوتا نەكرێت، چونكە بڕیاری دادگای فیدراڵی پابەندكەرە و ئەوان (حكومەتی عێراق) لێی تێدەگەن، ئێمە لەوە دەترسین بە ڕێككەوتنی سیاسی مووچەكانمان بەدەردی جارا ببەن".

سەبارەت بە هۆكاری ڕەتكردنەوەی پرۆژەی (هەژماری من)، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان وتی "پێشتر لە هەرێمی كوردستاندا پارەی دانراوی ناو بانكەكان نەماوە، بۆیە خەڵك گومانی هەیە و متمانەی نەماوە".

هەروەها جەختی كردەوە كە "ئەگەر هەر ڕێككەوتنێكیش لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا بكرێت، دەبێت حكومەت و بانكی ناوەندیی عێراق بە ئاشكرا گرەنتی بدەن و بچنە ژێر باری دواكەوتن یان فەوتانی هەر مووچەك، ئەگینا مووچەخۆران قبووڵی ناكەن".

وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان دەشڵێت "عێراق مووچەی مانگی چوار دابەش دەكات، پێویستە بەر لە جەژن مووچەی مانگی سێ‌ لە هەرێم دابەش بكرێت".