پەرەگراف
مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند "هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟".
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ئەلینا ڕۆمانسکی ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتییان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە، "ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت".
سبەینێ دواین وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردن، پارتی تائێستا سوورە لەسەر بەشدارینەکردن لە پڕۆسەکە.
ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی عێراق بەردەوامە.
دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات
ڕۆژی شەممە 30ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، پەیوەست بەو بابەتە و بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و داواكاری و مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی پەرۆشی و دۆستایەتیی ئەمەریكای كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.
سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت.
هەر لەو كۆبوونەویەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی زۆر ڕوونە. پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە بەڵكو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟
سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن.