دوو کرێکار لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا

31-03-2024 01:30
وێنەی ئەو بیناو بەرزکەرەوەیەی ئەمڕۆ چوار کرێکارەکەی تێدا کەوتنە خوارەوەو دوانیان گیانیان لەدەستدا

پەرەگراف

چوار کرێکار لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (دەروو سیتی) لە سلێمانی کەوتنە خوارەوەو دوانیان گیانیان لەدەستداو دوانەکەی دیکە بریندارن.

کرێکارەکان بە ڕەگەز کوردو خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن، لە بەرزکەرەوەیەکی پڕۆژەکەدا بوون و لە نهۆمی چواردەوە کەوتوونەتە خوارەوە.

عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی، ڕایگەیاند "پێشتریش لە هەمان پڕۆژەدا ٣ کرێکاری دیکە گیانیان لەدەستداوەو ئەوان پێشتر داوایان کردووە ئەو پڕۆژانە ڕابگیرێن تا بەتەواوەتی مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ دەکرێن، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکراوەو حکومەت کەمتەرخەمە لە لێپرسینەوە لە خاوەن پڕۆژەکان".

سەرۆکی سەندیکای کرێکاران ئەوەشی خستەڕوو، کەسوکاری قوربانییەکان دەتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و سەندیکاش پارێزەریان بۆ دابین دەکات، ئەوانیش لایخۆیانەوە وەک هەواڵدەر هەواڵ بە داواکاری گشتی دەدەن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.

بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکاران، لە ساڵی 2023دا لە هەرێمی کوردستان 30 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لەو ژمارەیەش برینداربوون.