شاسوار عەبدولواحید دەستبەسەر كرا

16-05-2019 02:25
شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ خێزانی‌و ژمارەیەك پەرلەمانتارو خۆبەخشی نەوەی نوێ لەبەردەم دادگای سلێمانی. وێنە؛ ئێن ئاڕ تی.


پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ چووە دادگاو دادوەر بڕیاری ڕاگرتنی بۆ دەركرد.

دوای ئەوەی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتیی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەركرد، ئەمڕۆ خۆی چووە دادگا.

پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ هاوڕێیەتی شاسواریان كرد بۆ دادگا، دوای بڕیاری ڕاگرتنی لەلایەن دادوەر، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ شوێنی ڕاگرتنی گواستراوەتەوە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە.

كاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، لەبەردەم دادگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، شاسوار عەبدولواحید سەرجەم تۆمەتەكانی ڕەتكردووەتەوە كە ڕوبەڕوی كراوەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو، هەرچەندە بەپێی ئەو ماددە یاساییەی شاسواری پێ دەستگیركراوە، دەكرا بە كەفالەت ئازاد بكرێت، بەڵام دادوەر بڕیاری ڕاگرتنی بۆ دەركردووە.

شاسوار عەبدولواحید بەرلەوەی بچێتە دادگا پەیامێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوەشی خستە ڕوو، خۆی دەڕوات بۆ بەردەم دادگا، وەك چۆن پێشتر چوووەتە بەردەم دادگا و سڵی نەكردووەتەوە.

"ئەمەی ئێمە و هاوڕێكانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەكانمانە، نەك باجی هەڵە!! زۆرێك هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئازادانە دەسورێنەوە لەم وڵاتەدا" شاسوار وای وت.

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشكرد، گۆڕانكاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، وتیشی"هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە لە جاران بەهێزتر دەبین و كۆڵ نادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێ دەكەینەوە چەند ساڵێكی ترە، نەك ئەم وێستگە كاتییە بچوكانەی ئێستا، چونكە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، ڕاستی و خاوەن هەڵوێستییە".

لە فەرمانی دەستگیركردنەوەی شاسوار عەبدولواحید دا كە پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە، ئەوە خراوەتە ڕوو، بەپێی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، فەرمانی دەستگیركردنەكە دەركراوە.

فەرمانی دەستگیركردنەكە كە دوێنێ دەرچووە، دوای ئەوەدێت 10ی ئەم مانگە ئاسایشی هەرێم ڤیدیۆی تۆمەتبارانی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە كە دان بە وەدا دەنێن هەڕەشەیان لە چەند پەرلەمانتارێكی جووڵانەوەكەیان كردووەو چەندین تۆمەتیان بۆ سیاسییە ڕكابەرەكانی حیزبەكەیان دروست كردووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئەوان دەڵێن، ئەو كارەیان بە "ئاگاداریی‌و فەرمانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەكە كردووە"، بەڵام شاسورا بەتووندی ئەوە ڕەتدەكاتەوە‌و پێیوایە ئەو كەسانە لەژێر فشاردا بەوجۆرە قسەیان كردووە.

یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان، ژمارە (6)ی ساڵی 2008 لە هەشت ماددە پێكهاتووە.

دەقی ماددەی دووەمی یاساكە كە شاسوار عەبدولواحید بەو ماددەیە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، دەڵێت:

هەر كەسێك ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی(مۆبایل) یان ئامێرێكی پەیوەندی كردن تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلكترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن (قزف)یان جنێودان یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەكارهێنا كە ترس پەیدا دەكات یان دزەی بە گفتوگۆكردن كرد یان وێنەی چەسپاو و جووڵاو یان كورتیلە نامەی(مەسج) بڵاوكرەوە كە لەگەڵ خوو ڕەوشتی گشتیدا ناگونجێن یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان كاروبارێكی وا كە شەرەف بریندار بكات یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان كاری بەدڕەوشتی یان بڵاوكردنەوەی زانیاری پەیوەست بە ‌نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاكەكان بڵاوبكاتەوە كە بەهەر ڕێگایەك بێت چنگی كەوتن هەتا ئەگەر ڕاستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوكردنەوەیان و دابەشكردنیان سووكایەتی یاخوود زیانیان پێ بگەیەنێ، ئەوا بۆ ماوەیە بەند دەكرێ (حبس) كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت‌و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت و بەغەرامەیەكیش سزادەدرێ كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ یان بە یەكێك لەو دوو سزایە سزا دەدرێت.