پارتی: بەم شێوەیە بەشداریی هەڵبژاردن ناكەین

31-03-2024 02:47

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وادەی وەرگرتنی ناوی كاندیدەكانی تا كاتژمێر 12ـی ئەمشەو درێژ كردەوە. پارتی تا ئێستای لیستی كاندیدەكانی پێشكەش نەكردووە و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبە دەڵێت "ناوی كاندید پێشكەش ناكەین و بەم شێوەیە بەشداریی هەڵبژاردن ناكەین".

بۆ سێیەم جار كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وادەی وەرگرتنی ناوی كاندیدی حیزب و هاوپەیمانێتییەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان درێژ كردەوە. هەرچەندە بڕیار بوو تا كۆتایی دەوامی ئەمڕۆ دواوادەبێت، بەڵام ماوەكەی تا 12ـی شەو درێژ كردەوە. پێشتریش كۆمیسیۆن دوو جار وادەكەی لە 22 تا 28ـی ئەم مانگە و لە 28 تا 31ـی مانگ درێژ كردەوە.

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، ڕایگەیاند "پارتی هەڵوێستی جێگیرە و نەگۆڕاوە، جەخت لە دوایین بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیمان دەكەینەوە. بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەم ڕێگایەی ئێستا ناكەین".

سەربەست لەزگین بۆ كوردستان24 دەشڵێت "داوامان لە كۆمیسیۆن نەكردووە مۆڵەتەكە درێژ بكاتەوە و ئەمڕۆ لیستی كاندیدەكانیشمان پێشكەش ناكەین".

فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی كاروباری پارت و ڕێكخراوە سیاسییەكان لە لقی هەولێرى كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە ١٨ لایەنى سیاسى، شەش لایەن دوو هاوپەیمانێتییان لەژێر ناوى هاوپەیمانیى سەردەم و هاوپەیمانیى هەرێمى کوردستان پێک هێناوە، لە کۆى ٦٥ کاندیدى سەربەخۆ ١٨ کاندید مامەڵەى تەواویان بۆ کراوە".

هەروەها وتى "هەشت لایەنی سیاسی کە پێکهاتوون لە (نەوەى نوێ، بەرەى گەل، یەکێتیى نیشتمانى، کۆمەڵى دادگەرى، هاوپەیمانیى نیشتمانى، بزووتنەوەى گۆڕان، بزووتنەوەى ئیسلامى و یەکگرتووى ئیسلامى) ئامادەییان بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردن دەربڕیوە، هەندێکیان مامەڵەى تەواویان کردووە و هەندێکیشیان ٩٠%ـى مامەڵەیان تەواو کردووە".

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كاتژمێر 12ـی ئەمشەوی بە دواوادە بۆ وەرگرتنی لیستی ناوی كاندید و هاوپەیمانێتییەكان دیاری كردووە، هێشتا دیار نییە كە بۆ چوارم جار وادەكە درێژ دەكاتەوە یان نا.