بازاڕی گەورەی دهۆک ئاگری گرت و زیاتر لە 100 دوکان سووتان

01-04-2024 08:58
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ

پەرەگراف

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بازاڕی چەلێ لە دهۆک کە بازاڕی گەورەی شارەکەیە ئاگری گرت و زیاتر لە 100 دوکان سووتان و زیانێکی زۆری ماددییان پێگەیشت.

عەقید بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک ڕایگەیاند، زیاتر لە 30 تیمی بەرگریی شارستانی دوای چەند کاتژمێرێک توانییان ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن و زیانی گیانیی نەبووە.

"11 ئەندامی تیمەکانی بەرگری شارستانی بەهۆی دوکەڵەوە تووشی تەنگە نەفەسی بوون و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا" وتەبێژی بەرگری شارستانی وای وت.

بێوار عەبدولعەزیز ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 100 دوکانی بازاڕەکە زیانێکی زۆری ماددیان پێگەیشتووە، بەڵام زیان بەر خانووی هاووڵاتییانی نزیک بازاڕەکە نەگەیشتووە، وتیشی "هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوەو لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی و بۆ دیاریکردنی قەبارە زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە".