
پەرەگراف
پاش سێ جار درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی ناوی كاندیدەكانی پێشكەش نەكرد و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش كۆتایی بە پرۆسەكە هێنا. ڕێكارەكانی دیكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامن و وتەبێژی كۆمیسیۆن دەڵێت "لیستی تر وەرناگرین".
سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بەبێ پارتی، سەرچاوەیەك لە كۆمیسیۆن دەڵێت "بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، پێویستە سەرۆكایەتیی هەرێم مەرسوم دەربكات". یەكێتیش جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی دەكاتەوە و دەڵێت "لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نیین".
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ بە ڕووداوی ڕاگەیاند "كۆمیسیۆن ناتوانێت لیستی دیكە وەربگرێت، بەهۆی ئەوەی دوایین وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەكان كاتژمێر 12ـی شەوی ڕابردوو كۆتایی هات".
وتەبێژی كۆمیسیۆن ئاماژەی بە بەردەوامیی ڕێكارەكانی دیكە كرد و وتی "لیستەكان ئێستا لە قۆناغی وردبینیدان و لە نزیكترین كاتدا بۆ لێكۆڵینەوە لە شایستەیی كاندیدەكان، لیستی ناوەكانیان دەنێردرێنە دەستەی دەستپاكی و بەڵگەی تاوانەكانی هەرێم، هاوكات بۆ دەستەی دەستپاكی و بەڵگەی تاوانەكانی فیدراڵیی عێراقیش دەنێردرێن".
"كۆمیسیۆن كارەكانی خۆی دەكات. ڕۆژی 6ـی نیسان تیروپشكی دیاریكردنی ژمارەی هاوپەیمانییەكان، لایەنە سیاسییەكان و كاندیدە تاكەكان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. كۆمیسیۆن لە ڕووی تەكنیكی، یاسایی، دارایی و كارگێڕییەوە هەموو ئامادەكارییەكانی كردووە و كارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەردەوامن"، جومانە غەلای وا دەڵێت
میدیای فەرمیی یەكێتیش لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە كە "بۆ ئەگەری پرسی دواخستنی ھەڵبژاردن، دەبێت سەرۆكایەتیی ھەرێم لایەنە كوردستانی و عێراقییەكان ڕازی بكات و مەرسومی سەرۆكایەتی لەوبارەیەوە دەربكات".
جگە لە پارتی، لایەنەكانی دیكە لیستی ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمیسیۆن كردووە، بەڵام پارتی سوورە لەسەر بەشدارینەكردنی هەڵبژاردن بەم شێوەیەی ئێستا و لە دوایین هەڵوێستدا مەسعود بارزانی دەڵێت "هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوە بچێت، چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟".
لە نوێترین هەڵوێستدا، ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی، ڕاگەیاند "دەمانەوێت هەڵبژاردن لەو وادەیەی كە لەلایەن سەرۆكی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دیاری كراوە، ئەنجام بدرێت".
لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی لەگەڵ ئەوەی دەڵێت "پێمان خۆشە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن"، جەختیش دەكاتەوە كە "بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن نیین".
ڕۆژی 18-3-2024، مەكتەبی سیاسیی پارتی بە فەرمی بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند و وتی "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەكەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندكردنی بڕیاری نادەستوری و سیستەمێكی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەكانی، بەشداریی هەڵبژاردنێك نەكات كە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستەمێكی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".
مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەكدا چەند خاڵێكی خستەڕوو و پێی وایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێك لە ماددەكانی دەستووری عێراقی كردووە كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و دەڵێت "پێشێلی مافە دەستوورییەكانی كردووە و دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەكەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالكراوان و كیمیابارانكراوان بەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستووری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".
هاوكات لەگەڵ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، مەكتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی كشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات و دەڵێت "لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەكردنی دەستوور و تەواوی خاڵەكانی ڕێكەوتنی سیاسی و ئیداریی پێكهێنانی كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق بە سەرۆكاتیی محەمەد شیاع سوودانی، بە پێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".