مەسعود بارزانی: لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بەبێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت

01-04-2024 05:27

 

پەرەگراف

مەسعود بارزانی لە نوێترین هەڵوێستیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوای هاوکاریی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازادو دەڵێت: پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت.

ئەو وتانەی بارزانی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکیدا بووە لەگەڵ یان برایێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر، بارزانی جەخت لە هەڵوێستەکانی حیزبەکەی دەکاتەوەو دەڵێت "پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت".

ئەوە لەکاتێکدایە پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان کە بڕیارە 6-10-2024 بەڕێوەبچێت، پارتی ناوی كاندیدەكانی پێشكەش نەكرد و سوورە لەسەر بەشداری نەکردن، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ‏عێراقیش كۆتایی بە پرۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندید هێناو ڕێكارەكانی دیكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامن.

"بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدانهەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسیەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەردارتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت." سەرۆکی پارتی وادەڵێت.

بارزانی بە پێویستی دەزانێت كە هەموو ئەو "كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانە چارەسەر بكرێت و ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت"، داواشی كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و ڕاستەقینە كە لە خزمەت شەرعیەت و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.

بەپێی بارەگای بارزانی، لە بەرامبەردا كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن. هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.

پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان کە بڕیارە 6-10-2024 بەڕێوەبچێت، پارتی ناوی كاندیدەكانی پێشكەش نەكرد و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ‏عێراقیش كۆتایی بە پرۆسەكە هێنا. ڕێكارەكانی دیكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامن و ‏وتەبێژی كۆمیسیۆن دەڵێت "لیستی تر وەرناگرین".