وتەبێژی پارتی: هەڵبژاردنیش دوابخرێت بە ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا بەشداریی ناکەین

01-04-2024 11:00

 پەرەگراف

وتەبێژی فەرمی پارتی ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن و بەشداریی حیزبەکەیان بڵاوکردەوەو دەڵێت: هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە.

ئەوە لەکاتێکدایە پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان کە بڕیارە 6-10-2024 بەڕێوەبچێت، پارتی ناوی كاندیدەكانی پێشكەش نەكرد و سوورە لەسەر بەشداری نەکردن، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ‏عێراقیش كۆتایی بە پرۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندید هێناو ڕێكارەكانی دیكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامن.

بەشدارینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن ئەگەری دواخستنی پڕۆسەکەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، ئەمڕۆش مەسعود بارزانی لە نوێترین هەڵوێستیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوای هاوکاریی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازادو وتی: پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت.

ئەو وتانەی بارزانی لە کۆبوونەوەیەکیدا بووە لەگەڵ یان برایێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر، بارزانی جەخت لە هەڵوێستەکانی حیزبەکەی کردەوەو دەڵێت "پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت".

دەقی روونكردنەوەی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات.

لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نیە و پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوە بچێت و سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن.

دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بو ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لە گەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە.

مەحمود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

١ـی نیسانی ٢٠٢٤