ئەمەریكا: هانی هەوڵەکان دەدەین بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستان

02-04-2024 12:11

 

پەرەگراف

ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هاندانی حیزبەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، ڕایگەیاند "ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەندین دەسەڵاتداری عێراق و حزبە عێراقییەکان تاوتوێی هەنگاوی دواتر دەکەن".

"ئێمە هانی ئەو هەوڵانە دەدەین بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق" وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وادەڵێت، ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی 10-6-2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکەی بەکراوەیی هێشتووەتەوە.

ئەو وتانەی ماتیۆ میلەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کەناڵی ڕووداو کە لێی پرسی: "وەک دەزانن وادەی هەڵبژاردن 10ی حوزەیران 2024 وە چاوەڕوان دەکرێت زیاتر دوابخرێت، بەتایبەتی پارتی وەکو حزبێکی دەسەڵاتدار ڕەتی دەکاتەوە بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بکات. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باڵیۆزی ئەمریکا دوو جار لەگەڵ سەرۆکی پارتی کۆبوویەوە. ئایا هیچ نیگەرانییەکتان هەیە کە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق لە وەختی خۆیدا نەکرێت؟ وە چۆن هانی پارتی و حزبەکانی تر دەدەن بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان یەکلایی بکەنەوە و هەڵبژاردن ئەنجام بدەن لە 10ی حوزەیران یاخود هەر وادەیەکی دیکە لەمساڵدا".

لە دوای ڕاگەیاندنی بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئەمەریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە بەشداریی هەڵبژاردنێک دەکات کە "هەمووان تێیدا بەشداربن" و بە پێویستی زانیوە تەواوی خەڵکی کوردستان دەنگیان هەبێت لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیان.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمشەو وتەبێژی فەرمی پارتی ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن و بەشداریی حیزبەکەیان بڵاوکردەوەو دەڵێت: "دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بۆ ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لە گەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە".

پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان، پارتی ناوی كاندیدەكانی پێشكەش نەكرد و سوورە لەسەر بەشداری نەکردن، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ‏عێراقیش كۆتایی بە پرۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندید هێناو ڕێكارەكانی دیكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامن.

ئەمڕۆش مەسعود بارزانی لە نوێترین هەڵوێستیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوای هاوکاریی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازادو وتی: پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت.

ئەو وتانەی بارزانی لە کۆبوونەوەیەکیدا بووە لەگەڵ یان برایێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر، بارزانی جەخت لە هەڵوێستەکانی حیزبەکەی کردەوەو دەڵێت "پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت".