
پەرەگراف
ئۆتۆمبێلێك لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە شنگال كرایە ئامانج. دژەتیرۆری كوردستان كوژرانی "بەرپرسێكی باڵای سەربازیی پەكەكە" ـی لەو هێرشەدا ڕاگەیاند، بەڵام میدیای پەكەكە دەڵێت "ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی مەدەنی لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیاوە كراوەتە ئامانج".
هێرشەكە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك لە كامپی سەردەشتی چیای شنگال ئەنجام دراوە، ئۆتۆمبێلەكە بە تەواوی سووتاوە، هێشتا زیانە گیانییەكان بە وردی و دروستی نەزانراون.
دژەتیرۆری كوردستان دەڵێت "كاتژمێر 11:35، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی لە چیای شنگال لە نزیك خێوەتگەی سەردەشت بەئامانج گرت، بەهۆیەوە بەرپرسێكی باڵای سەربازیی پەكەكە كوژراو و دوو چەكداری دیكەش بە سەختی بریندار بوون".
بەڵام میدیای پەكەكە دەڵێت "فڕۆكەی بێفڕۆكەوان توركیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی مەدەنیی لە چیای شنگال كرد، تا ئێستا زانیاری لەسەر زیانە گیانییەكان بەدەست نەگەشتووە".