پەرەگراف
مەسعود بارزانی بە ناڕاستەوخۆ و بەبێ ناوهێنان، یەكێتی تۆمەتبار دەكات بە "ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پەنابردن بۆ دەستی دەرەكی و دادگای فیدراڵی"، لەپێناو "دروستكردنی كێشە" بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە هەولێر، ڕایگەیاند "ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا و بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگای فیدڕاڵ بردرا، بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت".
ئەم قسەیەی بارزانی لە كاتێكدایە كە یەكێتی سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار كرد و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كە ئێستا پارتی دژی وەستاوەتەوە، لەسەر بنەمانی ئەو سكاڵایە دەركراون.
بەپێی هەواڵی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی وتووشیەتی "پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنە لە كوردستان، و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەموو هەوڵێكی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".
سەرۆكی پارتی دیموكرات ڕەخنەی لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی گرتووە و ڕایگەیاندووە "بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی زیاتر لە چوارسەد هەزار دەنگدەر لە دەنگدان و جگە لەوەش سەپاندنی ڕێكار و میكانیزمی و ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات".
بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە "پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە دەكات، بەبێ هیچ دەستێوەردانێك و داڕشتنێكی پێشوەختە". هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە "پێویستە هەموو ئەو كەموكووڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانەی مەلەفی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن".