مەسرور بارزانی: لەگەڵ پلاسخارت هاوڕابووین لەسەر نەهێشتنی کێشەو گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن

02-04-2024 07:56

 پەرەگراف

جينين پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، سەردانی مەسرور بارزانی کرد بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە تائێستا پارتی سوورە لەسەر بەشداری نەکردن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەڵێت، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پلاسخارت، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، "وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاماژەمان بەوە دا کە پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاری دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت".

مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە چاودێریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن کردووەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "هاوڕابووین لەسەر نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر لە پێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".

پارتی لیستی ناوی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان پێشکەش نەکردو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ‏عێراقیش كۆتایی بە پرۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندید هێناو ڕێكارەكانی دیكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامن و بڕیارە لە 7ی نیسان تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و کاندیدەکان بکرێت.

ئەمڕۆیش مەسعود بارزانی بە ناڕاستەوخۆ و بەبێ‌ ناوهێنان، یەكێتی تۆمەتبار کرد بە "ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ‏هەڵبژاردن، پەنابردن بۆ دەستی دەرەكی و دادگای فیدراڵی"، لەپێناو "دروستكردنی كێشە" بۆ ئەنجامدانی ‏هەڵبژاردن.‏

سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە ‏هەولێر، ڕایگەیاند "ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا و بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگای ‏فیدڕاڵ بردرا، بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت".‏

ئەم قسەیەی بارزانی لە كاتێكدایە كە یەكێتی سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای ‏فیدراڵی تۆمار كرد و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كە ئێستا پارتی دژی وەستاوەتەوە، لەسەر بنەمانی ئەو ‏سكاڵایە دەركراون.‏

لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا کە ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان دەبێت هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، ئەوەش نیگەرانیی ئەوانی لێکەوتووەتەوەو زۆربەیان بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان ڕاگەیاندووە.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.