لە گوڵەخانە شەڕ لە نێوان کوڕێکی عەبدوڵای حاجی مەحمودو پاسەوانەکانی محەمەدی حاجی مەحمود ڕوودەدات

03-04-2024 09:29
محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای

پەرەگراف

کوڕێکی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود بە ژمارەیەک چەکدارەوە دەگەڕێتەوە خانووە دەستبەسەرداگیراوەکەیان لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور و بەوهۆیەوە شەڕو تەقەکردن ڕوودەدات لەگەڵ پاسەوان و پێشمەرگەکانی محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوڵەخانە بە پەرەگرافی وت "کوڕێکی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود کە ژمارەیەک چەکداری لەگەڵدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە ناو ئەو خانووەی باوکی کە لەلایەن محەمەد حاجی مەحموودەوە دەستی بەسەردا گیراوە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "لەکاتی هەوڵی وەرگرتنەوەی خانووەکەدا، گرژی دروست بووە و تەقە کراوە".

بەپێی سەرچاوەکەی پەرەگراف، لە ئێستادا "کوڕەکەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەناو خانووەکەی باوکیدایە و لەلایەن پێشمەرگەکانی سۆسیال دیموکرات سەر بە باڵی محەمەد حاجی مەحموودەوە گەمارۆ دراون".

سەرچاوەکە وتیشی "دەنگۆ هەیە ژمارەیەک پێشمەرگەی سۆسیال دیموکرات کە وەکوو پاسەوان لە خانووەکەدا بوون، لەلایەن کوڕەکەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموودەوە چەک کرابن، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە".

ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای تەقینەوە کە هاوکات جێگری بوو لە سەرۆکایەتی حیزبەکەیاندا، ئەوکاتیش کێشەکان سەری کێشا بۆ شەڕو ڕوبەڕوبوونەوەی چەکداریی لە گوندی گوڵەخانە کە بارەگای سەرەکیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و ماڵی ئەو دوو برایەی لێیەو پاشان سۆسیالیست بە فەرمی عەبدوڵای لە حیزب دورخستەوە.

پاش ناكۆكییە حیزبییەكانی ماوەی ڕابردوویان، محەمەد حاجی مەحموود و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برای بە سەرۆكایەتیی دوو هاوپەیمانێتی جیاواز دەچنە ململانێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

هەریەك لە پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، حیزبی شیوعیی كوردستان و حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان (هاوپەیمانیی كوردستانی)یان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێکهێناوەو لەلایەن محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

هاوكات عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەگەڵ پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نەجات عومەر سوورچی، پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی غەفوور مەخمووری، (هاوپەیمانیی سەردەم)ـی پێكهێناو لەلایەن عەبدوڵڵا حاجی مەحموودەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت.