مەسرور بارزانی: هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار بکرێت

03-04-2024 05:18

 

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن بەر لە جەژن مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران دابەش بکەن.

ئەو پەیامە دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ بەغداد مووچەی مانگی شوباتی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی بۆ هەرێم ناردو ئەو کێشەیەی لەسەر ناردنی مووچەی ئەو هێزانە هەبوو چارەسەر کرا.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پەیامێکدا دەڵێت "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدرال و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".

مەسرور بارزانی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی و ئەو لایەنانه دەکات کە هاوکاربوون بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپەکانداو دەڵێت "لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم".

"لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت" مەسرور بارزانی وادەڵێت.