عێراق بەشێک لە مووچەی مانگی ئاداری بۆ هەرێم نارد

04-04-2024 12:39

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوزیرانی عێراق و ڕەزامەندی تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیکرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی مەدەنی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، کاروباری شەهیدان و ئەنفال، گرێبەستەکان لە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتەکە ئاماژەی بە بڕی ئەو پارەیە نەکردووە کە بۆ مووچەی مانگی ئادار ڕەوانەی هەرێم دەکرێت و باسی لە کاتی ناردنی مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان نەکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت، دادگای فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە لە ناردنی مووچەی مانگی ئادار بۆ هەرێم، بەوپێیەی بەبانکیکردنی مووچە(تەوتین) کاتی زیاتر پێویستە و، هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە ڕاستی و دروستیی ئەو داتاو زانیارییانەی لەبارەی مووچە ئاڕاستەی بەغدادی کردووە.

دوێنێ بەغداد مووچەی مانگی شوباتی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی بۆ هەرێم ناردو ئەو کێشەیەی لەسەر ناردنی مووچەی ئەو هێزانە هەبوو چارەسەر کراو هەر دوێنێ مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پەیامێکدا وتی "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدرال و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".

مەسرور بارزانی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی و ئەو لایەنانەی کرد کە هاوکاربوون بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپەکانداو وتی "لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم".