
پەرەگراف
تۆپخانەكانی ئێران ناوچە سنورییەكانی حاجی ئۆمەران تۆپباران دەكەن، بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كراونەتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێكیان نەبووە.
كاوە بەهرامی بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پەرەگرافی وت "لە كاتژمێر 11:30 خولەكەوە ئێران بە تۆپو كاتیۆشا ناوچەی ئالانە لە حاجی ئۆمەران تۆپباران دەكاتو بارەگاكانی ئێمەی كردووەتە ئامانج".
بەهرامی وتیشی "تائێستا هیچ زیانێكمان نەبووە"، ئاماژەی بەوەش كرد، دەستدرێژییەكانی ئێران زیان بە خەڵكی مەدەنیی ناوچەكە دەگەیەنێت، "زیانی بۆ ناوچەكە دەبێت بەتایبەت بۆ كاسبكارو مەڕدارو باخدارەكان".
لەگەڵ تۆپبارانەكەدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانیی بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە، كاوە بەهرامی دەڵێت، ئەوە شتێكی نوێ نییەو ئەو فڕۆكانە بەردەوام هەموو ڕۆژێك بەناوچەكەدا دەسووڕێنەوە، "بۆردومانەكەی ئەمڕۆ بە فڕۆكە نەبووەو بە چەكی قورسی دیكە بووە وەك؛ تۆپو كاتیۆشا".
ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن ئێرانو توركیاوە كراونەتە ئامانجو بۆردومان دەكرێن، لە ساڵی ڕابردووەوە ئەمە یەكەمجارە ئێران ئەو سنوورە تۆپباران بكات.
ئەوە لەكاتێكدایە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەم ماوەیەدا هیچ چالاكییەكی سەربازیی دژی ئێران نەبووە، بەڵام وەك كاوە بەهرامی دەڵێت، هەمیشە ئامادەییان لە ناوچەكاندا هەیە.
لەبارەی هۆكاری تۆپبارانەكەی ئەمڕۆی ئێران، بەهرامی وتی "هەموو ساڵێك لەم وەرزەدا زیان بە خەڵك دەگەیەنێت، ئێستاش دۆخی ناوخۆی خۆی زۆر ئاڵۆزە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوەو ئەم تۆپبارانە وەك پڕوپاگەندە بۆ دامركاندنەوەی دۆخی ناوخۆی خۆی بەكاردەهێنێت".