نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغداد دەکات

04-04-2024 08:15

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو سەردانی بەغداد دەکات و دۆسیەکانی نێوان هەولێرو بەغدادو پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێستەکانی پارتی کە بەشێکی هەڕەشەی کشانەوەیە لە پڕۆسەی سیاسی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق تاوتوێ دەکرێن.

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێم لەسەر مەلەفی بودجە و مووچە، نەوت و هەناردەکردنەوەی، پەیوەندییەکی تەندروست و باش لەنێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات.

دوای ئەوەی پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوی كاندیدەكانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی، لە ئێستادا دواخستنی هەڵبژاردن بووە بە بەهێزترین سیناریۆ بۆ ‏‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەو پرسەش لە دەستی نێچیرڤان بارزانیدایە.‏

سەرباری ئەوەیش، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە ڕێكارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ‏بڕیارە ڕۆژی 7-4-2024 تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارەكان بكرێت و بەزوویی كارمەند بۆ بەڕێوەبردنی ‏پرۆسەكە بە گرێبەست دابمەزرێنێت.‏

هاوكات لەگەڵ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی ‏هەڕەشەی كشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات، مەکتەبی سیاسی پارتی ڕۆژی 18-3-2024 ڕایگەیاند "لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی ‏دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەكردنی دەستوور و تەواوی خاڵەكانی ‏ڕێكەوتنی سیاسی و ئیداریی پێكهێنانی كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق بە سەرۆكاتیی محەمەد ‏شیاع سوودانی، بە پێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".‏

مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەكدا چەند خاڵێكی خستەڕوو و پێی وایە دادگای فیدراڵی ‏پێشێلی بەشێك لە ماددەكانی دەستووری عێراقی كردووە كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و دەڵێت ‏‏"پێشێلی مافە دەستوورییەكانی كردووە و دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەكەمان كە بە خەبات و ‏تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالكراوان و كیمیابارانكراوان بەدەستی هێناون، بە بڕیاری ‏سیاسی و نادەستووری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".‏