لە گوڵەخانە شەڕە 'کوڕێکی عەبدوڵای حاجی مەحمود بریندارە'

04-04-2024 08:30

 پەرەگراف

ئەمشەو جارێژی دیکە لە گوڵەخانە شەڕ لە نێوان هێزی محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای ڕوویدا، عەبدوڵای حاجی مەحمود ڕایگەیاند: بە ئاربیجی لە ماڵەکەم دراوەو کوڕەکەم بریندارە.

ئەو پێکدادانە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لە گوڵەخانە سۆسیالیست هەشتەمین کۆنگرەی بەست و محەمەدی حاجی مەحمود بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوەو عەبدوڵا بە فەرمی لەو حیزبە دوورخرایەوە.

محەمەدی حاجی مەحمود دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پارتی سۆسیالیست ڕایگەیاند "ئەوانەی حیزبیان بەکارهێنا بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان تەفروتونا کران و دەرکران لە ڕیزەکانی سۆسیالیست".

هەرچەندە ناوی نەهێنا، بەڵام مەبەستی عەبدوڵا حاجی مەحمودی برای و ئەو کەسانەبوو کە لەگەڵیدان و لە سۆسیالیست دوورخرانەوە. هەر ئەمڕۆ عەبدوڵای حاجی مەحمود ڕایگەیاند "حیزبێکی سیاسی نوێ دادەمەزرێنین و زۆرینەی سۆسیالیست لەگەڵ ئێمەیە".

شەوی ڕابردوو کوڕێکی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود بە ژمارەیەک چەکدارەوە گەڕایەوە خانووە دەستبەسەرداگیراوەکەیان لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور و بەوهۆیەوە شەڕو تەقەکردن ڕوویدا لەگەڵ پاسەوان و پێشمەرگەکانی محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات.

ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای تەقینەوە کە هاوکات جێگری بوو لە سەرۆکایەتی حیزبەکەیاندا، ئەوکاتیش کێشەکان سەری کێشا بۆ شەڕو ڕوبەڕوبوونەوەی چەکداریی لە گوندی گوڵەخانە کە بارەگای سەرەکیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و ماڵی ئەو دوو برایەی لێیەو پاشان سۆسیالیست بە فەرمی عەبدوڵای لە حیزب دورخستەوە.

پاش ناكۆكییە حیزبییەكانی ماوەی ڕابردوویان، محەمەد حاجی مەحموود و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برای بە سەرۆكایەتیی دوو هاوپەیمانێتی جیاواز دەچنە ململانێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

هەریەك لە پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، حیزبی شیوعیی كوردستان و حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان (هاوپەیمانیی كوردستانی)یان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێکهێناوەو لەلایەن محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

هاوكات عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەگەڵ پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نەجات عومەر سوورچی، پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی غەفوور مەخمووری، (هاوپەیمانیی سەردەم)ـی پێكهێناو لەلایەن عەبدوڵڵا حاجی مەحموودەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت.