بلینکن: زۆر گرنگە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و هەموولایەنەکان بەشداربن

05-04-2024 02:59

 

پەرەگراف

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و هەموو لایەنەکان بەشداریی تێدا بکەن.

"دەمانەوێت خەڵکی لەوە دڵنیا ببنەوە کە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەیە. دووپاتی دەکەمەوە کە زۆر گرنگە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت" بلینکن وا دەڵێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت "زۆریش گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بچێت".

لە دوای ڕاگەیاندنی بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئەمەریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە پشتیوانیی هەڵبژاردنێک دەکات کە "هەمووان تێیدا بەشداربن" و بە پێویستی زانیوە تەواوی خەڵکی کوردستان دەنگیان هەبێت لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیان.

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوی كاندیدەكانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی، لە ئێستادا دواخستنی هەڵبژاردن بووە بە بەهێزترین سیناریۆ بۆ ‏‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.‏

سەرباری ئەوەیش، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە ڕێكارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 10-6 و ‏بڕیارە ڕۆژی 7-4-2024 تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارەكان بكرێت و بەزوویی كارمەند بۆ بەڕێوەبردنی ‏پرۆسەكە بە گرێبەست دابمەزرێنێت.‏