نەوەی نوێ: ئەگەر سەرۆکی هەرێم وادەی هەڵبژاردن بگۆڕێت لە دادگای فیدراڵیی تانەی لێدەدەین

06-04-2024 09:48

 پەرەگراف

جوڵانەوەی نەوەی نوێ دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: ئەگەر سەرۆکی هەرێم وادەی هەڵبژاردن بگۆڕێت لە دادگای فیدراڵیی تانەی لێدەدەین‎.

هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "سەرۆکی هەرێم خۆی ماوەی یاسایی بەسەر چووە و بەهیچ جۆرێک بۆی نییە مەوعیدی هەڵبژاردن بگۆرێت، ئەگەر بیگۆرێت ئەوا لە دادگای فیدراڵیی تانەی لێدەدەین چونکە ماوەی یاسایی خۆی تەواو کردووە و بەسەرچووە".

‎"تەنانەت ئەگەر ماوەیشی بەسەر نەچوایە، ئەوا بەپێی یاسا تەنها بۆی هەیە رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات نەک رۆژی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە!" وتەبێژی نەوەی نوێ وادەڵێت.

ئەوە لەکاتێکدایە نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا لە بەغدایەو تەوەرێکی سەرەکی سەردانەکەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە ئەگەری بەهیز دواخستنیەتی بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتییەوە.

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوی كاندیدەكانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی، لە ئێستادا دواخستن بووە بە بەهێزترین سیناریۆ بۆ ‏‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.‏

سەرباری ئەوەیش، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە ڕێكارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ‏بڕیارە ڕۆژی 7-4-2024 تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارەكان بكرێت و بەزوویی كارمەند بۆ بەڕێوەبردنی ‏پرۆسەكە بە گرێبەست دابمەزرێنێت.‏

دانا دارا، یاساناس و ڕاوێژكاری یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ‏پەرەگراف دەڵێت "دەسەڵاتی ‏سەرۆكی هەرێمە ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بكات، لەم ‏دۆخەدا هەر ئەویش دەتوانێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ‏كۆمیسیۆن دوای بخات و ‏وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەن".‏

دانا دارا، بەشدارینەكردنی پارتی لە هەڵبژاردن بە "بایكۆتی پەكخەر نەك ‏‏بایكۆتی هەڵوێستوەرگرتن" ناو ‏دەبات و دەڵێت "لە شوێنێكی وەكوو كوردستان ‏كە نە وڵاتە و نە دەستووری هەیە، كاتێك ئەو حیزبانەی ‏نفوزیان هەیە بەشداریی ‏هەڵبژاردن ناكەن، بەو هۆیەوە پەككەوتنی پرۆسەكە دەبێتە ئەمری واقیع".‏

ئەو یاساناسە بۆ پەرەگراف ڕوونی دەكاتەوە كە "بە سەرنجدان لە یاسای ‏حیزبەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە ‏‏(17)ـی ساڵی 1993، یاسای هەڵبژاردنی ‏ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان ژمارە (1) ی ساڵی 1991ـی ‏هەمواركراو، ‏یاسای پارتە سیاسییەكانی عێراق ژمارە( 36)ـی ساڵی 2015، تەنانەت یاسای ‏كۆمیسیۆنی ‏سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارە (19)ـی ساڵی 2019، ‏دەبینین هیچ دەقێكی ئاشكرا و ڕوونی تێدا ‏نییە كە ئاماژە بەوە بدات لە ئەگەری ‏بەشدارینەكردنی هێزێكی سیاسی، پرۆسەكە بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات".‏

دانا دارا پێی وایە "سەرۆكایەتیی هەرێم بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڵبژاردن ‏دواناخات" و ‏ناچێتە ژێر باری ئەو بڕیارە، بەڵكوو "لە ڕێگەی داواكاریی چەند حیزب و قەوارەیەكەوە ژینگەیەك ‏دروست ‏دەكەن كە دواتر سەرۆكایەتیی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆن، ‏هەڵبژاردن دوادەخات و وادەیەكی نوێ‌ ‏دیاری دەكات".‏

‏"لە ڕێگەی قەوارەیەك یان چەند ‏قەوارەیەكەوە داوایەك بۆ كۆمیسیۆن بەرز دەكەنەوە و داوا دەكەن هەڵبژاردن ‏‏دوابخات و خشتەی بەڕێوەچوونی دەستكاری بكات"، ئەو یاساناسە دەڵێت "ئەمە بەهێزترین سیناریۆی ‏دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە" كە چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕوو بدات.‏