بافڵ تاڵەبانی: بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عیراق و دادگای فیدراڵی کێشەی مووچە چارەسەر کرا

07-04-2024 12:22

 

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عیراق و دادگای فیدراڵی کێشەی مووچەی هەرێم چارەسەر کراو یەکێتی پابەندە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی کوردستان لە وادەی خۆیدا.

ئەو وتانەی سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن تاوتوێکراون، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "هەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بە ململانێ سیاسییەکان بوو، کە دواجار بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عیراق، دادگای فیدراڵی و دۆستەکانی کورد توانرا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت".

‏‎وتیشی "کاری لەپێشینەی ئێمە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانەیە بۆ خەڵکەکەمان و هەموو هەوڵێکیش لەو پێناوەدا دەدەین. وەکچۆن هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە کاربکەن و لەخزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بن".

لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش، بافڵ تاڵەبانی وتی "رێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، دەمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەبچێت و رەنگدانەوەی خواستەکانی هەموولایەک بێت".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگیی و هاریکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کراوەتەوە بەئامانجی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

لە دوای ڕاگەیاندنی بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئەمەریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە پشتیوانیی هەڵبژاردنێک دەکات کە "هەمووان تێیدا بەشداربن" و بە پێویستی زانیوە تەواوی خەڵکی کوردستان دەنگیان هەبێت لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیان.

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوی كاندیدەكانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی، لە ئێستادا دواخستنی هەڵبژاردن بووە بە بەهێزترین سیناریۆ بۆ ‏‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.‏

سەرباری ئەوەیش، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە ڕێكارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 10-6 و ‏بڕیارە ئەمڕۆ تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارەكان بكرێت و بەزوویی كارمەند بۆ بەڕێوەبردنی ‏پرۆسەكە بە گرێبەست دابمەزرێنێت.‏