ئەو دەنگانە زیاد دەبن كە داوا دەكەن مووچەی هەرێم بگوازرێتەوەسەر بەغداد

16-06-2020 04:45

پەرەگراف

تادێت ئەو دەنگانە زیاد دەبن كە داوا دەكەن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بگوازرێتەوەسەر حكومەتی ناوەند‌و بەغداد پێدانی مووچەكانیان لە ئەستۆ بگرێت، هەرچەندە ئەوە پێویستی بە ڕێككەوتنی گشتگیری نێوان هەولێرو بەغداد هەیەو هەندێك پێیانوایە "هەوڵێكی بەتاڵە"، بەڵام چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغداوە كاری لەسەر دەكەن.

پارتی كە حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمە بە تووندی دژی ئەو هەوڵەیەو تۆمەتی قورس‌و ڕەخنەی تووند ئاڕاستەی لایەنگرانی دەكات‌و بە هەوڵدان بۆ بچووككردنەوەو لێدان لە قەوارەی هەرێم تۆمەتباریان دەكات، بەڵام خراپیی دۆخی دارایی كە بەهۆیەوە حكومەتی هەرێم ناتوانێت لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش بكات، لە بەرژەوەندیی ئەو پڕۆژەیەیەو خەڵكێكی زۆری مووچەخۆر لە هەرێم پشتگیریی دەكەن‌و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە هاشتاگی جۆراوجۆر پشتیوانییان بۆ دەربڕیوە.

دوای ئەوەی د.ڕێبوار كەریم پەرلەمانتاری كورد لە بەغداد وردەكاریی پڕۆژەیەكی لەوبارەیەوە ڕاگەیاند، ئەمڕۆش هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغداد لەسەر هەمان پرسی نامەیەكی ئاڕاستەی وەزیری دارایی عێراق كردووە.

هۆشیار عەبدوڵا كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە لە نامەكەیدا داوادەكات بە پڕۆژەیەكی نیشتیمانیی كۆكەرەوە سیستمی موچە لە عێراقدا یەكبخرێت.

"لەكاتی چوونی وەفدی دانوستانی هەرێم بۆ بەغداد وەزارەتی دارایی عێراق گەڵاڵەی پڕۆژەی یەكخستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ عێراق بگرێتە ئەستو. لەو ڕوەشەوە هاوكاریان دەبین لە پێشكەشكردنی پڕۆژیەكی نیشتیمانی تۆكمە بۆ چۆنێتی یەكخستنی سیستمی موچە لە سەرتاسەری عێراقدا" ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وادەڵێت.

پرسی پێدانی مووچەی هەرێم‌و ناردنی پارە لە بەغداوە ئاڵاوە بە كێشەكانی نەوت‌و بودجە‌و كۆی داهات‌و خەرجیی لە نێوان هەولێرو بەغداد، مووچە كارتی بەهێزە بە دەست بەغداوە بۆ فشارخستنەسەر هەرێمی كوردستان، هەربۆیە هەندێك پێیانوایە بەغداد ئەو كارە ناكات‌و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئەستۆ ناگرێت‌و ئەو كارتە لەدەستی خۆی بەتاڵ ناكاتەوە.

"چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد ڕێككەوتنە لەسەر داهات‌و خەرجیی، بەغداد خەرجیی ناگرێتە ئەستۆ تا هەموو داهات نەچێتەوە ژێردەستی، لەبەرئەوە ئەو هەوڵەی هەندێك پەرلەمانتاری كورد دەیدەن بەتاڵەو بۆ بازاڕگەرمكردنی خۆیانە" ئەمە وتەی سەرچاوەیەكی باڵای كوردە لە بەغداد بۆ پەرەگراف.

ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی كارلەسەر ئەو پرسە دەكەن، ئەوە دەخەنەڕوو پڕۆژەكەیان پێچەوانەی دەستورو یاساكانی عێراق نییە، بە "دۆزینەوەی چارەسەر" بۆ پێدانی مووچە ناوی دەبەن.

د. ڕێبوار كەریم كاتێك پڕۆژەكەی ڕاگەیاند، باسی لەوە كرد پڕۆژەكە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی گشتگیر جێبەجێ دەكرێت لە نێوان هەرێم‌و عێراق، وتیشی "هیوادارم وا لێك نەدرێتەوە ئەمە ڕێگایەكە بۆ سنورداركردنی دەوری هەرێم، وەفدی حكومەتی هەرێم هاتووەتە بەغداو لەگەڵ ئێمە كۆبووەتەوەو لیستی مووچەخۆرانی هێناوە وتویەتی فەرموو با بەغداد مووچەكانیان بدات، ئێمەش ئێستا هەر ئەمە دەڵێین، بەڵام بە كردار".

ئەو پەرلەمانتارە كوردە، لە حەوت خاڵدا هەنگاوە سەرەتاییەكانی پڕۆژەی (گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆسەر حكومەتی عێراقی فیدراڵ) بەمجۆرە خستە ڕوو:

هەنگاوی یەكەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماری لیستی بایۆمەتری كە ناوی سەرجەم مووچەخۆرانی تێدایە كە ژمارەیان (ملیۆنێك و256 هەزارو 850 )كەسە ڕادەستی بەغدا بكات.

هەنگاوی دووەم: بەرامبەر ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا بە ڕادەستكردنی بەشێك نەوت و داهاتی ناوخۆ، بەغدا پابەند بكرێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران كە ژمارەیان (753 هەزار و 880) مووچەخۆرە، حكومەتی هەرێمیش خۆی مووچەی خانەنشینان، چاودێری كۆمەڵایەتی، شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەشبكات كە ژمارەیان لە كوردستان (502 هەزارو 970) كەسە.

هەنگاوی سێیەم: بەغدا هەژماری بانكی بۆ هەموو مووچەخۆران بكاتەوە، لەڕێی كردنەوەی لقی بانكە حكومییەكانی لە هەرێمی كوردستان، بانكی ڕافیدەین ڕەزامەندن.

هەنگاوی چوارەم: پێویست دەكات بەغدا مووچەی (753 هەزار و 880) فەرمانبەر بخاتە سەر هەژمارەكانیان. هەرێمیش مووچەی (502 هەزارو 970) خانەنشینان، چاودێری كۆمەڵایەتی، شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، بخاتەسەر ئەو هەژمارانەی لە بەغداوە بۆیان كراوەتەوە.

هەنگاوی پێنجەم: هەر فەرمانبەرێك لە ماوەی 60 ڕۆژدا سەردانی بانك نەكات بۆ مووچەكەی بە پەنجەمۆری خۆی، ئەوا گومان دەخرێتەسەر هەژمارەكەی و ڕەشدەكرێتەوە.

هەنگاوی شەشەم: لە ماوەی 90 ڕۆژدا دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەڵدەستێت بە بڕینی مووچەی ئەو كەسانەی هەژمارەكانیان بندیوارن و نەهاتون بۆ مووچەكانیان.

هەنگاوی حەوتەم: لە پڕۆژە یاسای ساڵی 2021دا حكومەتی عێراق پابەند دەكرێت بە ڕاستەوخۆ دابەشكردنی مووچەی هەموو ئەو مووچەخۆارانەی لە لیستی پاككراوەدا هەن لە بەرامبەر ڕێكەوتنێكی گشتگیر لەنێوان هەرێم و بەغدا.