پلاسخارت بۆ پرسی مووچەو هەڵبژاردنی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبووەوە

07-04-2024 02:59

پەرەگراف

جینین پلاسخارت لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق کۆبووەوەو هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و بڕیارەکانی دادگاکەیان لەسەر ئەو دۆسیەیانە تاوتوێ کرد کە بەشێکیان نیگەرانیی حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.

سەردانەکەی پلاسخارت بۆ لای سەرۆکی دادگای فیدراڵی دوای ئەوەدێت کە لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و حکومەت و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات کۆبووەوە تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە پارتی بڕیاریداوە بەشداریی تێدا نەکات بەهۆی ناڕەزاییەکانی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم.

 دادگای فیدراڵی بڵاویکردەوە، دادوەر جاسم عەبود ئەمڕۆ پێشوازیکرد لە جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی دادگا بە گرنگییەوە باسی لە نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کردووە بۆ پێشخستنی دیموکراسیی لە وڵات و جەختی لەوە کردووەتەوە پێویستە هەڵبژاردنەکان لە وادەی بڕیارلێدراوی خۆیاندا بەڕێوەبچن.

لە دۆسیەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئاماژەی بە بڕیاری دادگاکە کردووە دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە بووەتەهۆی ناردنی پارەی مووچە لە لایەن بەغداوەو جەختی لەوە کردووەتەوە بڕیارەکە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی یاسایی فەرمانبەرانی هەرێم بووەو دادگا لە بڕیارەکەیدا ئەوەی جێگیر کردووە کە نابێت کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق و جێبەجێکردنی یاسای بودجە ببنەهۆی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە مووچەکانیان و پێویستە وەک تەواوی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بنەمای یەکسانی بەدەست بێت.

سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، دەستووری عێراق هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناساندووەو دەسەڵاتدارانی هەرێم، مافی بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییان هەیە بەپێی بڕگەکانی دەستوور، جگە لەوەی کە دەسەڵاتی دامەزراوە فیدراڵییەکانە.

دادوەر جاسم عەبود داوای لە پلاسخارت کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هەر لەسەر هەڵوێستەکەی پارتی، ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە پلاسخارت لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوەو بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، پلاسخارت ئاماژەی بەوەکردووە كە ئاگاداری ئەوەیە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن، "جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت".

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی، لە ئێستادا دواخستن بووە بە بەهێزترین سیناریۆ بۆ ‏‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.‏

سەرباری ئەوەیش، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە ڕێكارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١٠-٦-٢٠٢٤.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.