بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت؛ سەرۆكی هەرێم: پێویستە هێزە سیاسییەكان بگەنە لێكتێگەیشتنی هاوبەش

07-04-2024 03:12

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی یەكێتی لە بەغدادەوە پەیام لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەدەن. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت"، بەڵام نێچیرڤان بارزانی جەخت لە "لێكتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەكان" بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكاتەوە. هەرچی بۆچوونی سەرۆككۆماری عێراقیشە هاوشێوەی بۆچوونی ئەمریكا و سەرۆكی هەرێمە و دەڵێت "هەڵبژاردن بە بەشداریی هەموو لایەنەكان ئەنجام بدرێت".

لە دوێنێوە هەریەك لە نێچیڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی لە بەغدادن و زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، دیارترینیان بەشداری بووە لە كۆبوونەوەی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراق و كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە شیعەكانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها ئەمڕۆ خۆیان كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان ئەنجام دا و بە جیاش لەگەڵ هەریەك لە سەرۆككۆماری عێراق و باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد كۆبوونەوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بەغدادەوە بۆ میدیاكان وتی "وەكوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەوەی كە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبووە ڕۆژەكەمان دەستنیشان كردووە، هیوادارین هێزە سیاسییەكان هەموویان پێكەوە بگەنە قەناعەت و لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن بكرێت".

بەڵام سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكاتەوە و ڕایگەیاند كە لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا هیچ پێشنیازێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش نەكراوە. وتیشی "هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت".

"ڕێز لە بڕیارەكان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، دەمانەوێت پرۆسەكە بەشێوەیەكی بێگەرد بەڕێوە بچێت و ڕەنگدانەوەی خواستەكانی هەموولایەك بێت"، بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد وای وتووە.

پاش كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقیش ڕایگەیاند "سەرۆككۆمار جەختی لە گرنگیی تەواوكردنی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداریی ھەموو لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم كردەوە".

هەروەها لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق، جەختی لە هەڵبژاردنی "پاكی و شەفافی" لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، بە جۆرێك "هاووڵاتیان مافی دیموكراسیی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان پیادە بكەن".

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوی كاندیدەكانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی، لە ئێستادا دواخستنی هەڵبژاردن بووە بە بەهێزترین سیناریۆ بۆ ‏‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.‏

لە دوای ڕاگەیاندنی بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئەمەریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە پشتیوانیی هەڵبژاردنێک دەکات کە "هەمووان تێیدا بەشداربن" و بە پێویستی زانیوە تەواوی خەڵکی کوردستان دەنگیان هەبێت لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیان.

سەرباری ئەوەیش، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە ڕێكارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 10-6 و ‏بڕیارە ئەمڕۆ تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارەكان بكرێت و بەزوویی كارمەند بۆ بەڕێوەبردنی ‏پرۆسەكە بە گرێبەست دابمەزرێنێت.‏‎