کۆمسیۆن تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

08-04-2024 11:41

 

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق تیروپشکی بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا، ئەوەش لە چوارچێوەی ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بەبێ بەشداریی پارتی دیموکرات.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەڵێت، 10 پارتی سیاسی و دوو هاوپەیمانی و 587 کاندیدی سەربەخۆ خۆیان تۆمار کردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکە.

بەپێی تیروپشکەکە، لیستی یەکێتی ژمارە 129ی پێدرا، نەوەی نوێ ژمارە 157، بەرەی گەل(حیزبەکەی لاهور شێخ جەنگی) ژمارە 169، ڕەوتی هەڵوێست(رەوتەکەی عەلی حەمەساڵح) ژمارە 161، گۆڕان ژمارە 114، یەکگرتوو ژمارە 148ی پێدرا.

بەردەوامیی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە 10-6-2024دا لە کاتێکدایە بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکرات لە پڕۆسەکە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە پڕۆسەکە دوابخرێت.

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.