سوودانی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم لەگەڵ کۆمسیۆن کۆدەبێتەوە

08-04-2024 08:44

 

پەرەگراف

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن کۆبووەوەو رێکارەکانی کۆمسیۆن تاوتوێکران سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی دەڵێت، سەرۆکوەزیران جەختی لە پێویستیی تێپەڕاندنی لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانی کۆمسیۆن کردووەتەوە، "گفتوگۆ لەسەر میکانیزمە یاساییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کرا کە شەفافانە بەڕێوەبچێت بەجۆرێک جێگەی متمانە و خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان".

کۆبوونەوەکە دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ کۆمسیۆن تیروپشکی بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەردەوامیی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە 10-6-2024دا لە کاتێکدایە بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکرات لە پڕۆسەکە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە پڕۆسەکە دوابخرێت.

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.