وەزیری پەروەردە: لیستی مووچەی وانەبێژان دەنێرین بۆ بەغداد بەمەبەستی بەهەمیشەیی کردنیان

09-04-2024 03:29
خۆپیشاندانێکی پێشتری وانەبێژان بۆ داوای دامەزراندنی هەمیشەیی

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکات لە پێناو دابینکردنی پارەی پێویست تابکرێن بە گرێبەستی هەمیشەیی.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، پاش جەژنی رەمەزان ئامادەکاری دەکەن کە لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت و داوای تەرخانی دارایی دەکەن کە هەموو مامۆستایانی وانەبێژ وەک گرێبەستی هەمیشەیی و لەگەڵ مووچە خۆراندا شایستەی مووچەیان وەربگرن.

وەزیری پەروەردە دەشڵێت "داوا لە هەموولایەک دەکەن پاڵپشتی ئەو هەنگاوەی حکومەت بن و حکومەتی هەرێم هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێ بکات".

هەربۆ هەمان مەبەست لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ٤ی ٢٠٢٤، وەزارەتی پەروەردە لیستی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراق بکرێت.

مامۆستایانی وانەبێژ دەیان خۆپیشاندان و سەدان یاداشتیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردووە لە پێناو دامەزراندنیان بە هەمیشەیی، وانەبێژان بەشێکی سەرەکیش بوون لە بەرەی بایکۆت و خۆپیشاندانەکان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین کە وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەمساڵیان بایکۆت کردو لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دوەمیشدا ئەوان بەردەوام بوون لە بایکۆت و خۆپیشاندان.

پێشتر حکومەتی هەرێم بەڵێنی دامەزراندنی بە وانەبێژاندا و بەستییەوە بە چارەسەری کێشەی مووچە لەگەڵ بەغداد، ئێستا کە ئەو کێشەیە چارەسەر بووە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەڕێی بەغداوە ئەو داوایەی وانەبێژان جێبەجێ بکات.

نزیکەی 36 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن و مووچەیان بەپێی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن.

وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوەو لە ئێستادا بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی ١٤ ملیار دینارەو ئەگەر بکرێنە گرێبەست بڕی چوار ملیار دینار زیاد دەبێت بۆ کۆی ئەو مووچەیەی مانگانە وانەبێژان وەری دەگرن.