پارێزگاری هەولێر: گومانمان لە ئاگركەوتنەوەكەی بازاڕی لەنگە هەیە

10-04-2024 07:44

 پەرەگراف

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، گومانیان لە رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی بازاڕی لەنگە هەیە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت و ئەنجامەکەی بۆ ڕایگشتی ئاشکرا دەکرێت.

ڕۆژی 8ی ئەم مانگە جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوەو دەیان دووکان سووتان، بەشێک لە دووکاندارەکانی بازاڕەکە گومانیان هەیە کە کەوتنەوەی ئاگرەکە "بە دەستی ئەنقەست" بێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "رووداوی ئاگركەوتنەوەكانی پێشتر هۆكارەكانی دیاربوون، بەڵام كۆتا رووداوی ئاگركەوتنەوە لە كامێراكان زۆر شتی دروست هەن و لە نیگەرانی كاسبكارانی بازاڕی لەنگە تێدەگەین و ئێمەش وەک ئەوان نیگەرانین و گومانمان هەیە".

پارێزگاری هەولێر زانیاریی زیاتری نەخستەڕوو لەبارەی ئەوەی لە کامێراکانی چاودێرییەوە چی بینراوە، وتیشی، لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوەو ئەنجامەکەی بۆ ڕایگشتی ئاشکرا دەکرێت، دەست بە چاككردنەوەی شوێنەكەو ڕێکخستنەوەی دەکرێت.

لەنگەی شاری هەولێر یەکێکە لە بازاڕە زۆرقەرەباڵغەکان و سەدان دوکانی تێدایە، ڕۆژی 27-2-2024یش ئاگرێکی گەورە لەو بازاڕە کەوتەوەو سەدان دووکان سووتان، دووکانەکانی ئەمڕۆیش بەشێکیان هەمان ئەو دووکانانەن کە ئەوکات سووتان.