دوای جەژن وردبینی لە ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی کوردستان دەکرێت

11-04-2024 01:40

 

پەرەگراف

کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوای جەژن وردبینی لەناوی کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و پاشان بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.

حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، لە دوای وردبینی ھەر کاندیدێک مەرجەکانی تێدا نەبێت دووردەخرێتەوەو لایەنەکان دەبێت لەدوو رۆژدا کاندیدی دیکە پێشکەش بکەن بۆ جێگرتنەوەی.

سەرۆکی کۆمسیۆن دەشڵێت، دوای پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات و پێدەچێت زیاتر لە مانگێک بخایەنێت.

کۆمسیۆن 8ی ئەم مانگە تیروپشکی بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەردەوامیی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە 10-6-2024دا لە کاتێکدایە بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکرات لە پڕۆسەکە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە پڕۆسەکە دوابخرێت.

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.