سوودانی بەرەو ئەمەریکا بەڕێکەوت

13-04-2024 10:25

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئەمەریکا بەڕێکەوت، بڕیارە دوو ڕۆژی دیکە لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سوودانی سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی و پەرلەمانیی دەکات کە نوێنەرانی کەرتی تایبەتیشیان لەگەڵدایە.

سەردانەکەی سوودانی چاوی زۆری لەسەرەو چەند پرسێکی گرنگ لەگەڵ جۆبایدن و بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا تاوتوێ دەکات لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، پرسی ئاسایش و تیرۆر، دارایی و وەبەرهێنان.

بەرلە سەردانەکەی بۆ واشنتن، سوودانی، لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری (فۆرێن ئەفێرس)ـی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، باسی لەو دۆسیەیانە کرد کە لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا تاوتوێ دەکرێن، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکاشی بە "کلیلی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناوبرد.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق کردووە لە ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و تێکشکاندنی داعش، باسی بەهێزبوونی ئابوریی عێراق و توانای هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانیشی دەکات، ئەوەش دەخاتەڕوو بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان پێویستیان بە کاتە.

سەردانەکەی سوودانی لەکاتێکدایە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەرەسەندندان بەتایبەت لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، سوودانی جەخت لە تێوەنەگلانی عێراق دەکات لە ململانێ ناوچەییەکان.

"هەوڵی گێڕانەوەی رۆڵی جەمسەریی عێراق لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەین و سوود لە پێگەی ستراتیژیمان وەردەگرین.. پێشوازی لە دەرفەتی کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکان و سنووردارکردنی شڵەژانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێمە سوورین لەسەر خۆلادان لەوەی بکەوینە ناکۆکی لەنێوان هەردوو هاوبەشمان کە ئێران و ئەمریکان" سوودانی وادەڵێت.