بەهۆی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هۆڵەندا باڵیۆزخانەكەی لە تاران و كونسوڵخانەكەی لە هەولێر دادەخات

13-04-2024 02:36
وێنەی دەستبەسەرداگرتنی كەشتیی (MCS Aries) لەلایەن سوپای پاسدارانەوە

پەرەگراف

بەهۆی هەڵكشانی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هۆڵەندا باڵیۆزخانەکەی لە تاران و كونسوڵخانەكەی لە هەولێر دادەخات. هاوكات سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز دەستی بەسەر كەشتییەكی بازرگانیدا گرت كە بە قسەی ئێران "خاوەنەكەی سەرمایەدارێكی ئیسرائیلییە".

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ڕایگەیاند "وەکوو ڕێکارێک بۆ خۆپارێزى، باڵیۆزخانەكەمان لە تاران و كونسوڵخانەكەمان لە هەولێر بەهۆی زیادبوونی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دادەخەین".

باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكەی هۆڵەندا لە سبەینێ‌ یەكشەممەوە دادەخرێن و هێشتا دیار نییە كەی دەكرێنەوە.

هەر ئەمڕۆیش سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز لە ڕێگەی هێلیكۆپتەوەر هێزی دابەزاندە سەر کەشتیی (MCS Aries)ـی سەر بە کۆمپانیای زۆدیاک کە کەشتییەکە ئاڵای پورتوگالی بەسەرەوە بووە.

میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت "خاوەنی کەشتییەکە سەرمایەدارێكی ئیسرائیلییە بە ناوی (ئیال ئۆفەر)".

هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل پەیوەندیدارە بە هێرشەکەی ڕۆژی 1-4-2024ـی سەر بەشی کونسوڵخانە لەناو باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، کە تێیدا دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و چەند چەکدارێک کوژران.

ئێران هەر زوو هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد و دوێنێش جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند، نایەوێت زانیارییە نهێنییەکان ئاشکرا بکات، بەم پێشبینی دەکات ئێران زوو هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. 

بایدن جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە "بەرگریکردن" لە ئیسرائیل و وتیشی "ئێران سەرکەوتوو نابێت".

تا ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام سەرچاوە جیاوازە سەربازی و میدیاییەکان دەڵێن "هێرشەکە لەلایەن ئسرائیلەوە و بە ئاراستەکردنی مووشەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی ئێف 35ـەوە ئەنجام دراوە".

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە وتاری جەژندا لە تاران ڕایگەیاند، "ڕژێمی زایۆنی هێرشی كردە سەر كونسوڵخانەی ئێمە، ئەوەش وەكوو ئەوە وایە هێرشیان كردبێتە سەر خاكی ئێمە". خامنەیی وتیشی "لەم بابەتەدا هەڵەیان كرد، ڕژێمە پیسەكە دەبێت تەمبێ بكرێت و دەشكرێت".