لە هێرشە 'مێژووییەكە'ـی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل چی ڕووی دا؟ هەردوو وڵات چی دەڵێن؟

14-04-2024 10:46

پەرەگراف

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە درێژایی شەوی ڕابردوو "زیاتر لە 300 درۆن و مووشەك" ئاراستەی ئیسرائیل كراون و "99%ـیمان تێكشكاندووە". دەشڵێت بەهۆی هێرشەكانەوە "یەك منداڵی 10 ساڵ بریندار بووە، زیانێكی كەمیش بە بنكەیەكی سەربازیی ئیسرائیل گەیشتووە". بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیەنێت "هێرشەکە سەرجەم ئامانجەکانى خۆى پێکاوە" و "ژمارەیەك ئامانجی گرنگی سەربازیی ئیسرائیلمان خاپوور كردووە".

شەوی ڕابردوو ئێران هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دا و بەدرێژایی چەند كاتژمێرێك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی ئاراستەی ئەو وڵاتە كرد. لە ئاسمانی وڵاتانی ناوچەكە و بە تایبەت عێراق و هەرێمی كوردستانیش، درۆن و مووشەكە ئێرانییەكان دەبینران. ئەمەش وەڵامێك بوو بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر بەشی كونسوڵگەریی لەناو باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، كە تێیدا دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و پێنج ڕاوێژكار كوژران.

ئێران هێرشەكە بە "هێرشێكی مێژوویی" وەسف دەكات، بە تایبەت كە ئەمە یەكەم هێرشی ڕاستەوخۆ و گەورەی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل. بانگەشەی ئەوەش دەكات كە ئامانجەكانی خۆی پێكاوە، بەڵام ئیسرائیل ڕەتی دەكاتەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشەكەی بە "تەمبێ‌"كردنی ئیسرائیل ناو هێناوە و دەڵێت "بە سوودوەرگرتن لە توانا هەواڵگرییەكان و مووشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی خۆمان، هێرشمان كردە سەر ژمارەیە ئامانجی سەربازیی گرنگی ئیسرائیل لەناو خاكە داگیركراوەكان و سەركەوتووانە ئامانجەكانمان پێكا و خاپوورمان كردن".

پێچەوانەی بانگەشەكانی سوپای پاسداران، دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بانگەشەی ئەوە دەكات كە "99%ـی مووشەك و درۆنەكان"ـی ئێرانیان تێكشكاندووە، بەڵام دان بەوەدا دەنێت كە "هێرشەكە زیانی بەشەكیی بە بنكەیەكی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل گەیاندووە". دەشڵێت "یەك منداڵی 10 ساڵ بەهۆی هێرشەكەوە بریندار بووە و زیانی گیانیی دیكە نەبووە".

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت "ئێران بە زیاتر لە 300 مووشەك و درۆن كە پێكهاتوون لە 170 درۆن، 30 مووشەكی كرووز و 120 مووشەكی بالیستی هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، كە بەشێكیان لە عێراق و یەمەنەوە هاوێژراون".

هاوکات محەمەد باقرى، سەرۆکى ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران، پاش هێرشەکان ڕایگەیاند "هێرشەکەمان بۆ سەر قەوارەى زایۆنى لە شەوى ڕابردوو تا بەیانیى ئەمڕۆ بە سەرکەوتنى تەواوە ئەنجام درا و هەموو ئامانجەکانى خۆى پێکا".

باقرى هۆکارى هێرشەکەى بۆ "تێپەڕاندنى هێڵى سوور" لەلایەن ئیسرائیلەوە گەڕاندەوە و وتى "بۆ ئێمە بە هیچ شێوەیەک قابیلى قبووڵکردن نەبوو کە ڕژێمى زایۆنى بەشى کونسوڵگەرى لە باڵیۆزخانەى ئێران لە دیمەشق بکاتە ئامانج و ڕاوێژکارانى ئێمە کە بە بانگهێشتى سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر لەو وڵاتەن، شەهید بکات".

"ئەم ئۆپەراسیۆنە بە جۆرێک پلانى بۆ داڕێژرا کە ناوەندێکى هەواڵگریى گەورە بکرێتە ئامانج کە زانیاریى پێویستى بۆ ئەنجامدانى ئەم تاوانە (هێرش بۆ سەر کونسوڵگەریى ئێران لە دیمەشق)ـى لە بەرزاییەکانى جەبەل شەیخ لەسەر سنوورى سووریا-فەلەستینى داگیرکراو بۆ زایۆنییەکان دەستەبەر کردبوو، هەم بنکەى ئاسمانیى نەواتیم کە فڕۆکەى ئێف ٣٥ بۆ بەئامانجگرتنى کونسوڵگەرییەکەمان لێیەوە فڕى بوو، کرایە ئامانج"، سەرۆکى ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران وا دەڵێت.

لە وەڵامدانەوەى ڕاستەوخۆى هێرشەکەى ئێراندا، ئەمریکا و بەریتانیا بەشدارییان کرد و فڕۆکە جەنگییەکى ئەو دوو وڵاتە بەشێک لە مووشەک و درۆنەکانى ئێرانیان بەر لە گەیشتن بە ئیسرائیل خستە خوارەوە.