بایدن بۆ ناتانیاهوو: ئەمریكا لە هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەشداری ناكات

14-04-2024 01:40

پەرەگراف

ماڵپەڕی هەواڵیی ئەكسیۆسی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپییەوە ئاشكرای كرد كە "جۆ بایدن بە بینیامین ناتانیاهووی ڕاگەیاندووە كە ئەمریكا لە ئەگەری هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەشداریی هێرشەكە ناكات".

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو پەیامەی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوای هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل داوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە سوپای پاسارانی ئێران پاش هێرشەكەی سەر ئیسرائیل ڕایگەیاند "هۆشداری دەدەینە ئەمریكا كە هەر جۆرە پشتیوانی و بەشدارییەك لە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئێران، وەڵامی یەكلاكەرەوە و پەشیمانهێنی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەدواوە دەبێت".

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریشی داوەتە "وڵاتانی دراوسێ‌ و ناوچەكە" كە هەر جۆرە هەڕەشەیەكی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرچاوەكەی لە هەر وڵاتێكەوە بێت، ئێران وەڵامی هاوشێوەی بۆ سەرچاوەی هێرشەكە دەبێت.

بەڵام بایدن هەموو پاڵپشتییەكی دیكەی بۆ تەلئەبیب دووپات كردووەتەوە و لە ڕاگەیەندراوی سەرۆكی ئەمریكادا دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە لەگەڵ ناتانیاهوو، ئاماژە بەوە كراوە كە "نزیكەی هەموو درۆن و مووشەكەكان"ـی ئێران كە ئاراستەی ئیسرائیل كراون، بە هاوكاریی سیستەمی بەرگریی مووشەكیی كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، تێكشكێندراون.

هەروەها بایدن ڕایگەیاندووە كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی گرووپی جی حەوت لەبارەی كاردانەوەی دیبلۆماسیی نێودەوڵەتی دژی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بڕیار دەدەن.

"هەروەها تیمەكەم لەگەڵ هاوتاكانیان لە ناوچەكە و ئیسرائیل لە پەیوەندیدا دەبن. ئەگەرچی هیچ هێرشێك بۆ سەر هێز و دامەزراوەكانی ئێمە ئەنجام نەدراوە، بەڵام لە بەرانبەر هەموو هەڕەشەكان وریا دەبین و بۆ پاراستنی خەڵكەكەمان لە هیچ هەنگاوێك ناگەڕێینەوە"، جۆ بایدن وا دەڵێت.