پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: دادگای فیدراڵی کاری 10 ساڵی بۆ کردین

14-04-2024 04:26

پەرەگراف

پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ستایشی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکات لەسەر دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەڵێت: تا عێراق پارەی هەبێت کێشەی مووچە دووبارە نابێتەوە.

موسەنا ئەمین، لە میانی پانێڵێکی تایبەت بە پرسی ئەنفال لە زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ، لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دۆسیەی مووچەی هەرێم، وتی "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کاری ١٠ساڵی بۆ کردین، بڕیارەکان زۆر گرنگ بوون و هەتاکو عێراق پارەی هەبێت جارێکی تر کێشەی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دووبارە نابێتەوە".

"پێویستە سوپاسی سەرۆکی دادگای فیدراڵی بکەین کە بڕیاری مووچەی فەرمانبەرانی بەشێوەیەک نوسیوە کە دادوەرێکی کوردیش بەوشێوەیە نەیدەنووسی" پەرلەمانتار موسەنا ئەمین وای وت.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی مووچەی هەرێم و گەیشتنە ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە، مووچەخۆرانی هەرێم لە ماوەی ٨ ڕۆژدا دوو مووچەی مانگەکانی شوبات و ئازاری ئەمساڵیان وەرگرت، ئەوەش بۆ یەکەمجارە ڕوودات کە دوو مووچە لە ماوەیەکی هێندە نزیک لە یەکدا دابەش بکرێت و بازاڕەکانی هەڕیم بووژانەوەیان پێوەدیارە، بڕیاریشە بەرلە کۆتایی ئەم مانگە مووچەی مانگی نیسان لە بەغداوە ڕەوانە بکرێت و ڕاستەوخۆ دابەش بکرێت.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و بودجە چارەسەرنەبن نابێت ئەوە ببێتەهۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، هاوکات مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوەو مانگانە مووچەکانیان بخرێتەسەر هەژمارەکانیان تا ئەوکاتەیش دەتوانن بە کاش مووچەکانیان وەربگرن.

هەربەپێی بڕیارەکە، وەزارەتەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای موچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم. (هەرێمی کوردستان ئەم خاڵە وەک لێدان لە پێگەو سەروەریی وەزارەتی دارایی و هەرێم تەماشا دەکات).