لە شارباژێڕ خانوویەک بۆردومان کراو گەنجێک گیانی لەدەستدا

14-04-2024 05:00

 پەرەگراف

خانوویەک لە گوندی گەڵاڵە لە سنووری شارباژێڕ لە سلێمانی بۆردوومانکرا و گەنجێک گیانی لەدەستدا، پێدەچێت بۆردومانەکە لەلایەن درۆنی تورکیاوە بووبێت.

کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند "شەوی رابردوو کاتژمێر 11:00 خانوویەک لە گوندی گەڵاڵەی بەهۆی بۆردوومانەوە خاپوور کراو گەنجێک لە خانووەکەدا بووە و گیانی لەدەستداوە".

"خانووەکە هەشت کیلۆمەتر لە گوندی گەڵاڵەوە دوورە و ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵاندایە و نیشتەجێی شاری سلێمانی بووە و بۆ سەردان چووەتەوە ئەو خانووە" قائیمقامی ماوەت وادەڵێت.

هەرچەندە بەرپرسانی ناوچەکە پشتڕاستی ناکەنەوە، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە بۆردومانەکە لەلایەن تورکیاوە کرابێت، بەوپێیەی پێشووتریش چەندین هێرشی هاوشێوە لەو سنورەو لە ناوچەکانی دیکەش ڕوویانداوەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بە پاساوی لێدان لە پەکەکە ئۆتۆمبێل و خانووی کردووەتە ئامانج.