لاهور شێخ جەنگى: یەکێتى و پارتى لەسەر دواخستنى هەڵبژاردن ڕێککەوتوون

14-04-2024 09:45

 پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، یەکێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "ڕێککەوتوون بەڵام نایانەوێت ڕایبگەیەنن".

لاهور شێخ جەنگی کە سەرۆکایەتی لیستی بەرەی گەل دەکات بۆ هەڵبژاردنەکە، دەشڵێت، یەکێتى و پارتى دەیانەوێت لایەنەکانى دیکەش بەشداربن لە بڕیارى دواخستنى هەڵبژاردن، "له‌م هه‌فته‌یه‌دا لایه‌نه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ تا مانگی‌ 10 و 11 دوابخرێت".

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن 8ی ئەم مانگە تیروپشکی بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردن ئەنجامدا بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەردەوامیی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە 10-6-2024دا لە کاتێکدایە بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکرات لە پڕۆسەکە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە پڕۆسەکە دوابخرێت.

پارتی دیموكرات پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.