زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار لە ڕۆژانی جەژندا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە

15-04-2024 01:55

 پەرەگراف

 

لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا، زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بەوەش لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی وت: "لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا لە 8 ی 4 تاكوو ١٣ ی 4 (لە شەش ڕۆژدا) زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە".
"گەشتیاران زۆربەیان هی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران و توركیا و وڵاتانی ترن، هاوكات ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری ناوخۆیی لە ناو هەرێمی كوردستاندا كە ژمارەیان دەگاتە 150 هەزار كەس، سەردانی سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە" بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە دەستەی گەشتوگوزار وادەڵێت.
لە بۆنەكاندا و بە تایبەت لە جەژنی ڕەمەزان و قوربان، هاوڵاتییەكی زۆری ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان و ناوچە گەشتیارییەكان.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی ٢٠٢٣، سێ ھەزار و سەد شوێن ھەبوون کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، ڕێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
ھەزار و ٧٥ شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە ٦٢٥ ھۆتێل، ٣٧٠ مۆتێل، ٨٠ گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی ٨٠٠ ڕێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و سەدان کەپر لە ناوچە گەشتیارییەکان.