نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان بە گەشبینییەوە لە سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمریكا دەڕوانێت

15-04-2024 04:34

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتی بۆ سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمریكا ‏دەردەبڕێت و دەڵێت "هەرێمی كوردستان بە گەشبینییەوە لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڕوانێت".‏

سەرۆكی هەرێم لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، دەشڵێت "ئێمە بە ‏تەواوی پاڵپشتی لەو سەردانە دەكەین و دڵنیاین بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكان لەوێ لەبەرچاو ‏دەگیرێت".‏

نێچیرڤان بارزانی هیواخوارزە "كۆبوونەوەكان ئەرێنی و سەركەوتوو بن و ببنە هۆی گەشەسەندنی ‏زیاتری پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات".‏

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆكی ‏ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە سەرۆكایەتیی شاندێك لە واشنتنە و بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆشكی ‏سپی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا كۆ ببێتەوە.‏

سوودانی و شاندی یاوەری كە 13ـی ئەم مانگە گەیشتنە ئەمریكا، تا 19ـی مانگ لە ئەمریكا ‏دەمێننەوە زنجیرەیەك كۆبوونەوە دەربارەی دۆسیەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنیییەكانی نێوان ‏هەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا تاوتوێ دەكەن.‏